پێشمەرگەیەك لە چلەی ماتەمینی هاوسەرەكەیدا خۆی دەكوژێت

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی قەزای سۆران ئاشكرای دەكات، پێشمەرگەیەك لە چلەی ماتەمینی هاوسەرەكەیدا بە فیشەكێك كۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی قەزای سۆران لە پەیجی تایبەتی خۆیەوە لە فەیسبوك بڵاویكردەوە، ئێوارەی دوێنێ 9/11 پێشمەرگەیەك بە ناوی (ع.ع.ع) پاش ئەوەی فیشەكێكی بەردەكەوێت، لەماڵەكەی خۆیدا گیانی لەدەستدا و بەپێی زانیارییەكانیش ئەو پێشمەرگەیە خۆی كوشتوە.

پۆلیسی سۆران ئەوەش رادەگەیەنێت، پێشمەرگەكە لەدایكبووی ساڵی 1983یە و خاوەنی چوار منداڵ بووە، ئاشكراشیكردوە، كە روداوەكە هاوكاتە لەگەڵ چلەی ماتەمینی هاوسەرەكەی كە بە روداوەی ئاگركەوتنەوە گیانی لەدەستداوە.

لەپاش روداوەكە، تەرمی پێشمەرگەكە رەوانەی پزیشكی دادوەری كراوە و لێكۆڵینەوەش لەهۆكاری خۆكوشتنەكە دەستیپێكردوە.



PM:01:42:10/11/2016