جڤاتی گۆڕان لەسەر پرسی مانەوە لەدەسەلآت کۆدەبێتەوە
نامەیەکی نەوشیروان مستەفا دەخوێنرێتەوە

بڕیارە سبەی ١١/١٢ جڤاتی نیشتمانی گۆڕان کە بەرزترین دەسەلآتی ئەو بزووتنەوەیە لەسەر پرسی مانەوە، یان پاشکەشە لە دەسەلآت کۆدەبێتەوە، هاوکات لەو کۆبوونەوەیەدا نامەیەکی نەوشیروان مستەفا دەخوێندرێتەوە.

گۆڕان لەزاری سکرتێری جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان جەمال محەمەدەوە رایگەیاند " سبەی شەممە ١١/١٢ جڤاتی نیشتمانی کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی مانەوە یان کشانەوە لە حکومەت کۆدەبێتەوە". کۆبوونەوەکە لە سلێمانی لە گردی زەرگەتە سازدەکرێت، ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان رای خۆی لە رێگای محەمەد تۆفیق بەرپرسی ژووری پەیوەندیە دیبلۆماسییەکان کە لەلەندەن بووەو لە رێگای چەند بەرپرسێکی بالآی تری گۆڕانەوە بە جڤاتی گشتی گەیاندووە کە ئەو لەگەڵ پەلەکردندا نییە لە کشانەوە لە حکومەت تا پرۆسەی رزگارکردنی موسڵ تەواو دەبێت، لەبەر گرنگی ئەو پرسەو سەرقاڵبوونی رای گشتی خەڵکی کوردستان و عێراق بەو پرسە سەربازییەوە " تەریس بکرێت " کە تا ئێستا ئاکامە سیاسی و سەربازییەکانی رۆشن نین.

کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان جگە لەم پرسە گفتوگۆ لەسەر نامەیەکی نەوشیروان مستەفا دەکات کە نامەیەکی رێکخراوەییەو وا بڕیارە بۆ ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بخوێنرێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، ناوەرۆکی نامەکە لەچەند خاڵێکدا کۆدەبێتەوە کە لەلایەکەوە ئەو دەستەیەی ئێستا سەرکردایەتی گۆڕان دەکات و هەفتانە کۆدەبنەوەو لەبەرپرسە کۆنەکانی پێشووی " یەکێتی " و بەرپرسی ژوورەکان و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش تیایدا بەشدارن، نەوشیروان مستەفا سیفەی "راوێژکاری " لە نامەکەدا پێدوان.

هەروەها لە نامەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە پێویستە جڤاتی نیشتمانی گۆڕان مانگانە کۆبێتەوەو، هەر بڕیارێکیش جڤات بیدات لەرێگای ژوورەکانەوە جێبەجێدەکرێن.

کۆبوونەوە دەستەکانی جڤات لەسەر پرسی کشانەوە لە دەسەلآت، سەرەتا لە کۆبوونەوەی جڤاتی گشتیەوە دەستی پێکرد کە دەستەیەکی راوێژکارییەو رۆژی ١١/٥ لە گردی زەرگەتە کۆبوونەوەو لەژمارەی ٢٥ ئەندام ١٨ ئەندامی لەگەڵ کشانەوە بوون و ٥ ئەندامیش لەگەڵ مانەوەو ٢ ئەندامیش خۆیان ساغ نەکردبوەوە.




PM:11:48:11/11/2016