گۆڕان تا کاتێکی نادیار لە حکومەت ناکشێتەوە

جڤاتی نیشتمانی گۆڕان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی خۆیدا لە مەکۆی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بە دەنگی زۆرینە تا کاتێکی نادیار دەمێنێتەوە لە حکومەت و ناکشێتەوە لە کابینەکەی نێچیرڤان بارزانی.

لە راگەیاندراوێکی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان کە کەمێک پێش ئێستا بڵاوکرایەوە تیایدا هاتووە" جڤاتی نیشتیمانی بەوردی تاوتوێی پرسی کشانەوەی لە حکومەتی هەرێمدا کرد و بڕیاریدا ئەم بابەتە بەشێوازێکی فراوانتر لەگەڵ ئۆرگانەکانی تری بزوتنەوەی گۆڕان و خەمخۆرانی تری گەلەکەمان تاوتوێ بکات بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای بەرنامەیەکی تۆکمە و لە کاتێکی گونجاودا بڕیاری دروست لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بدات".

دوێنێ سپی لە میانەی هەواڵێکدا ئاماژەی بۆ رای نەوشیروان مستەفاش لەسەر ئەو پرسە کردو کە ئەویش لەگەڵ مانەوەدایە تا تەواوبوونی پرسی رزگارکردنی شاری موسڵ.

دەقی راگەیاندنی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان

ئەمڕۆ جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆبونەوەی ئاسایی خۆیدا لە مەکۆی سەرەکی تاوتوێی چەند پرسێکی گرنگی کرد.
 
سەرەتا جڤاتی نیشتیمانی رۆڵی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و خەڵکی خۆڕاگری کەرکوکی لە شەڕی روبەڕوبونەوەی تیرۆریستانی داعش بۆ پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان بەرز نرخاند. جڤاتی نیشتیمانی پشتیگری خۆی بۆ داوا رەواکانی فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان پشتیوانی تەواوی شێوازی شارستانییانەی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانیان دەکات. 
تەوەرێکی تری کۆبونەوەکە تاوتوێکردنی پەیوەندی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بوو.
 هەروەها بارودۆخی سیاسی هەرێم و عێراق و ناوچەکەی هەڵسەنگاند و گفتوگۆی قوڵی لەبارەی ئەگەرو پێشهاتەکانی دوای پرۆسەی رزگارکردنی موسڵ کرد.
 جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان جەختی لەو راستییە کردەوە کە دەسەڵاتدارانی هەرێم لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان شکستیان هێناوە و لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکدا نەبون. 
هەر ئەو سیاسەتە شکستخواردوەشیان بووە هۆی بڕینی قوتی خەڵک و بەتاڵان بردنی داهاتی نیشتیمان و تەشەنەکردنی گەندەڵی لە جومگەکانی حکومەتی هەرێمدا. 
لەم سۆنگەیەوە، جڤاتی نیشتیمانی بەوردی تاوتوێی پرسی کشانەوەی لە حکومەتی هەرێمدا کرد و بڕیاریدا ئەم بابەتە بەشێوازێکی فراوانتر لەگەڵ ئۆرگانەکانی تری بزوتنەوەی گۆڕان و خەمخۆرانی تری گەلەکەمان تاوتوێ بکات بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای بەرنامەیەکی تۆکمە و لە کاتێکی گونجاودا بڕیاری دروست لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بدات. لێرەشەوە رایدەگەیەنین کە هەمو ئەگەرەکان لە بەردەم بزوتنەوەی گۆڕاندا کراوەن. 
جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان 



PM:08:24:12/11/2016