بەرپرسێكی گۆڕان: میدیای گۆڕان لە ئیستادا بۆتە میمبەریک بۆ بەخشینەوەی قسەی نەشیاو

ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بە توندی ڕەخنەی لە میدیای بزووتنەوەکەیان گرت و ئاشکرای کرد کە ئەو میدیایە ”بووەتە مینبەرێک بۆ بەخشینەوەی قسەی نەشیاو".

ئەمڕۆ سێشەممە 15\11\2016، عەبدوڵای کوێخا موبارەک، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و بەرپرسی مەکۆی چەمچەماڵی بزووتنەوەی گۆڕان، لە نووسینێکیدا کە بە ناوی (گۆڕانێکی مۆدێرن و میدیایەکی بێ ئەتەکێت و میزاجی)، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: ”ئێستا میدیای گۆڕان بووەتە مینبەرێک بۆ بەخشینەوەی قسەی نەشیاو و نادروست و بە ئامانجگرتنی دەسەڵات بە ناوی بنەماڵە و خەڵکی نەخوێندەوار، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی هەست و نەستی کۆمەڵگە بکات کە بەشی هەرە زۆری خەڵکی نەخوێندەوار بوو، شۆڕشگێڕ بوون و قوربانیان دا لە پێناو کوردایەتی و چەندین بنەماڵە پاڵپشتی شۆڕش بوون و سەرخەری بزاڤەکانی نەتەوەیی بوون".

ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە لە ساڵانی ڕابردوودا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش ”بەهۆی ئەم سووکایەتیکردنە بە چینە جیاوازەکان"، زیانێکی گەورە بەر جەماوەرەکەی کەوتووە و بووەتە هۆی هەڵوەرینی لایەنگرانی.


دەقی نوسینەكە:

گۆڕانێكی مۆدێرن و میدیایه‌كی بێ ئه‌ته‌كێت و میزاجی

لە بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕاندا لەهەر سێ ئاستی عیراق و هەریمی کوردستان و پاریزگاکان، دید و ڕوئیای بزوتنەوەی گۆڕان بۆ شیوازی بەڕیوەبردن دیارەو ئامانجی بەرەو پیشبردنی هەریمی کوردستان و خزمەتکردنی هاولاتیانە بەبێ جیاوازی،
بەلام بەداخەوە لە ئیستادا میدیای گۆڕان بۆتە میمبەریک بۆ بەخشینەوەی قسەی نەشیاو نادروست بە ئامانجگرتنی دەسەلات بە ناوی بنەماڵەو خەڵکی نەخویندەوار، بە بێ ئەوەی رەچاوی هەست و شعوری کۆمەلگا بکات، کە بەشی هەرە زۆری خەڵکی نەخویندەواربوو شۆرشگیربوون و قوربانیان دا لە پیناوکوردایەتیداو وە چەندین بنەماڵە پاڵپشتی شۆرش بوون و سەرخەری بزافەکانی نەتەوەییبوون..
لە ساڵانی ڕابردودا یەکێتی نیشتیمانی بەهۆی ئەم سوکایەتی کردنە بە چینە جیاوازەکان زیانێکی گەورە بەر جەماوەرەکەی کەوت و بوە هۆی هەڵوەرینی لایەنگرانی کە نیگەران بون لە سوکایەتی کردن بە لەقەب و ئەو ناوبانگ و نازناوانەی کە لایان پیرۆز بوو،
بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان و میدیاکانی پارتی زۆر بە وریایەوە مامەڵەیان لەگەڵ ئەو ناوانەدا کردوە کە کۆمەڵە خەڵکێک شانازیان پێوە کردوە و بە ڕه‌مزی خۆیان زانیوە، وەک شێخ، ئاغا، کوێخا، بنەماڵە، نەخوێندەوار و هەر نازناوێکی تر، ئەمەش بوە خاڵی بە هێز بۆ پارتی و توانیوێتی بە زۆرینەیی بمێنێتەوە تا ئێستا،
بۆیە ناکرێت لە ئاست ئەو بێ سەرو بەری و بێ ئەتەکیتییەی کادرانی میدیای گۆڕان بێ دەنگ بین، چونکە به‌م جۆرە لە دەربڕین و جنێودانە سەدان و هەزاران هاولاتی زادەی بنەاڵە و دەیان بنەماڵەی دڵسۆز لە دەست دەدەین..
من لیرەوە بە بنەماڵەو نەخوینەوار و ئاغاو کویخاکان دەلیم کە خۆم بنەماڵەو کویخاو نەخویندەوارم و بەوپەڕی لێبڕاوی و دلسۆزیمەوە کاردەکەم بۆ سەرخستنی بەرنامەو پڕۆژەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، چونکە دڵنیام و هیچ گومانم نییە کە بزوتنەوەی گۆڕان دژی هیچ بنەماڵە وچین و پیرۆزیەکی خەڵک نیە ئەگەر زیانیان نەبێت بۆ دیموكراسێت و یاسا شکێنی نەکەن،
بزوتنەوەی گۆڕان تەنها لە هەولی چاکسازی و گەڕانەوەی شکۆیە بۆ تاکی کوردو تا بەدەستهینانەوەی مافە زەوتکراوەکانی خەڵکی هەریمی کوردستان لە خەبات بەردەوامە..



PM:02:49:15/11/2016