" ناردنی پارە بۆ مامۆستایانی هەرێم لە بەغداوە تەنها قسەیە "

بریکاری وەزارەتی دارایی، فازل نەبی رایگەیاند" ناردنی پارە لە حکومەتی بەغداوە بۆ مامۆستایانی هەرێمی کوردستان تەنها قسەیە"، ئەمە لەکاتێکدایە وەزیری پەرورەدەی هەرێم دوێنێ رایەگەیاند" حکومەتی عێراق بڕی 25 ملیار دینار وەک کۆمەکی مامۆستایان دەنێرێت بۆ هەرێم".

دوای ئەوەی ڕۆژی یەكشەممە20/11 لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وەزیری پەروردەی هەرێم د. پشتیوان سادق رایگەیاند، لیژنەیەك بۆ دیراسەكردنی فەوتانی خوێندن لەپارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە پێكهێنراوە، 
"بەغداش بەڵێنی ناردنی پارەی بۆ مامۆستایان داوە" لەبەرامبەردا بریكاری وەزارەتی دارایی عیراق ئاماژە بۆئەوە دەكات ناردنی پارە بۆ مامۆستایان لەلایەن حكومەتی بەغداوە تەنها قسەیە .

فازل نەبی بریكاری وەزارەتی دارایی عیراق بە رادیۆی نەوای راگەیاندوە" دەنگۆی ناردنی بڕێك پارە بۆ مامۆستایان لەلایەن حكومەتی بەغداوە تەنها قسەیەو تائێستا هیچ بابەتێكی لەوشێوەیە لەئارادا نییە"

جێگەی ئاماژەیە بۆ چارەسەركردنی بایكۆتی خوێندن و كۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتییەكانی مامۆستایان لەپارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە ، پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم رایگەیاند بەغدا بەڵێنی ناردنی بری 25ملیاردیناری داوە بۆ مامۆستایان داوە، بەڵام نەكەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە.

مامۆستایانی ناوچەکانی سلێمانی و هەڵبجەو گەرمیان و راپەڕین ماوەی نزیکەی دوو مانگە بەردەوامن لە بایکۆتکردن و مەترسی هەژمار نەکردنی خوێندن ئەمساڵی ئەم ناوچانە لەئارادایە.



AM:11:46:21/11/2016