باوكێك لەشفرۆشی بە كچە تەمەن 10 ساڵانەكەیەوە دەكات

لەناو كەمپی ئاوارەكانی گەرمیان دوو كچ لەلایەنه كەسوكاریانەوە لەشفرۆشییان پێدەكرێت كە یەكێك لەكچەكان باوكی ناچار بە لەشفرۆشی دەكات.

لەمبارەیەوە  بەڕێوەبەری نووسینگەی مافی مرۆڤ لە گەرمیان دەڵێت دوو كچ لە دوو كەمپی ئاوارەكاندا لەلایەن كەسوكاریانەوە لەشفرۆشییان پێكراوە. بەڕێوەبەری كاروباری مرۆییش لە ئیدارەی گەرمیان ئەو زانیاریانە پشتڕاست دەكاتەوە و دەڵێت یەكێك لەو كچانە لەلایەن باوكییەوە لەشفرۆشی پێكراوە.

خەبات رەشید، بەڕێوەبەری نووسینگەی مافی مرۆڤ لە گەرمیان بە (رووداو)ی راگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی هەماهەنگی رێكخراوەكان لەناو ئیدارەی گەرمیان سەبارەت بە دوو حاڵەتی بازرگانیكردن بە دوو كچ یاداشتێكیان داوەتە ئیدارەی گەرمیان، دواتریش لەلایەن سەڵاح كوێخا، سەرپەرشتیاری ئیدارەوە داوا لە نووسینگەكەی ئەوان كراوە لێكۆڵینەوە لەو دوو كەیسەدا بكەن.

خەبات رەشید گوتی "لیژنەمان دروستكرد. دوای بەدواداچوون بۆمان دەركەوت هەردوو حاڵەتەكە راستن. ئەو دوو كچە تەمەنیان لە نێوان 10 تاوەكو 15 ساڵیدا بووە. یەكێكیان لەلایەن باوكی. ئەوەی دیكەش لەبەرئەوەی باوك و دایكی نەبووە، لەلایەن مامییەوە لەشفرۆشیی پێكراوە". خەبات گوتیشی "وەڵامی ئیدارەی گەرمیانیشمان داوەتەوە كە ئەو دوو حاڵەتە راستن. یەكێكیان بۆ ئەو مەبەستە براوەتە دەرەوەی كەمپەكە".

بەڵام بێستوون ژاڵەیی، بەڕێوەبەری كاروباری مرۆیی لە ئیدارەی گەرمیان دەڵێت هەردوو كچەكە لەلایەن یەك كەسەوە لەشفرۆشیان پێكراوە، ئەو كەسەش باوكی یەكێك لە كچەكان بووە.
ژاڵەیی وتی"هەردوو كەیسەكە لە كەمپێكدا بووە. پیاوەكە باوكی یەكێك لە كچەكانە، كچەكانیش تەمەنیان لە خوار 18 ساڵی بوو. گومان هەبوو ئەو پیاوە رۆژانە كچەكانی بردبنە دەرەوەی كەمپەكە و لەشفرۆشی پێ كردبن".

گوتیشی "هەرچەندە پیاوەكە رەتیكردبووەوە لەشفرۆشیی پێوەكردبن، بەڵام دوای لێكۆڵینەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان، دەركەوت راست بوو".

سەبارەت بە چارەنووسی كچەكان، بێستوون ژاڵەیی گوتی "ئەو پیاوە خەڵكی ناوەڕاستی عێراقە، وەكو ئاوارە لەلای ئێمە تۆمار نەكرابوون، لەو ماوەیە شارەكەیان ئازادكرا و گەڕانەوە شاری خۆیان. كچەكەی دیكەشمان رادەستی كەسوكارەكەی كردەوە".

بەهۆی شەڕی داعش، ژمارەیەكی زۆری ئاوارە لە شارەكانی عێراق و سووریاوە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە. لە سنووری ئیدارەی گەرمیان چوار كەمپ بۆ ئاوارەكان دروستكراون.  هەندێك لەو ئاوارانە لە رەوشێكی ئابووریی خراپدان.



PM:02:19:21/11/2016