گەرمیان.. باوکێک لەشفرۆشی بە کچەکانییەوە دەکات

بەڕێوەبەری نووسینگەی مافی مرۆڤ لە گەرمیان ئاشکرایدەکات کە دوو کچ لە لایەن کەسوکاریانەوە لە کەمپی ئاوارەکان لەشفرۆشییان پێوە کراوە.

خەبات رەشید، بەڕێوەبەری نووسینگەی مافی مرۆڤ لە گەرمیان سەبارەت بە بازرگانیکردنی کەسوکاریانەوە پێیانەوە ڕایگەیاند "بەڕێوەبەرایەتی هەماهەنگی رێكخراوەكان لەناو ئیدارەی گەرمیان سەبارەت بە دوو حاڵەتی بازرگانیكردن بە دوو كچ یاداشتێكیان داوەتە ئیدارەی گەرمیان، دواتریش لەلایەن سەڵاح كوێخا، سەرپەرشتیاری ئیدارەوە داوا لە نووسینگەكەی ئەوان كراوە لێكۆڵینەوە لەو دوو كەیسەدا بكەن".
هەروەها ناوبراو دەڵێت "لیژنەمان دروستكرد. دوای بەدواداچوون بۆمان دەركەوت هەردوو حاڵەتەكە راستن. ئەو دوو كچە تەمەنیان لە نێوان 10 تاوەكو 15 ساڵیدا بووە. یەكێكیان لەلایەن باوكی. ئەوەی دیكەش لەبەرئەوەی باوك و دایكی نەبووە، لەلایەن مامییەوە لەشفرۆشیی پێكراوە".

ئەو دەڵێت "وەڵامی ئیدارەی گەرمیانیشمان داوەتەوە كە ئەو دوو حاڵەتە راستن. یەكێكیان بۆ ئەو مەبەستە براوەتە دەرەوەی كەمپەكە".
هەروەەها بێستوون ژاڵەیی، بەڕێوەبەری كاروباری مرۆیی لە ئیدارەی گەرمیان بە ڕووداوی وتووە "هەردوو كچەكە لەلایەن یەك كەسەوە لەشفرۆشیان پێكراوە، ئەو كەسەش باوكی یەكێك لە كچەكان بووە".
ژاڵەیی هەروەها دەڵێت "هەردوو كەیسەكە لە كەمپێكدا بووە. پیاوەكە باوكی یەكێك لە كچەكانە، كچەكانیش تەمەنیان لە خوار 18 ساڵی بوو. گومان هەبوو ئەو پیاوە رۆژانە كچەكانی بردبنە دەرەوەی كەمپەكە و لەشفرۆشی پێ كردبن".
ڕاشیگەیاندووە "هەرچەندە پیاوەكە رەتیكردبووەوە لەشفرۆشیی پێوەكردبن، بەڵام دوای لێكۆڵینەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان، دەركەوت راست بوو".



PM:07:15:21/11/2016