بارزانی ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو ئاگادار دەكاتەوە

مەسعود بارزانی ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی لەوە ئاگاداردەكاتەوە كە دەزگا پەیوەندیدارەكانی ڕاسپاردووە، بە زووترین كات ئەنجامدەرانی تیرۆری مامۆستا ئایینەكەی هەولێر بدۆزنەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی 11ـی 2016، مەسعود بارزانی، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەلاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانەوە كردووە.

لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بارزانی زۆر بە توندی ئیدانەی ڕووداوی تیرۆركردنی دكتۆر هۆشیار ئیسماعیل، مامۆستای ئایینی و كەسایەتیی نیشتیمانپەروەری شاری هەولێری كرد و ڕای گەیاندووە، شەهیدكردنی مامۆستا هوشیار، شەهیدكردنی دەنگی میانڕۆیی و پێكەوەژیانە.

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوە ڕوون کراوەتەوە کە بارزانی وێڕای دەربڕینی هاوسۆزیی خۆی، سەرەخۆشی لە ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی کوردستان و خانەوادە و كەسوكاری شەهید دكتۆر هۆشیار كردووە و ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو كردە نامرۆڤانەیە دژی هەموو لایەك و "بە تایبەتی دژی خودی من” ئەنجام دراوە.

هاوکات بارزانی، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی لەوە ئاگادار كردووەتەوە كە دەزگە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپاردووە، بە زووترین كات هۆكار و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بدۆزنەوە و ڕادەستی یاسای بكەن.



PM:04:17:23/11/2016