" هەڵوەشانەوەی پۆستی سەرۆکی هەرێم لە قازانجی خەڵکە"

پەرلەمانتارێکی گۆڕان پێشنیاری هەڵوەشاندنەوە و نەهێشتنی پۆستی سەرۆکی هەرێم دەکات و داوا دەکات دەسەڵات و ئەرکەکانی بەسەر سەرۆکایەتیەکانی پەرلەمان و حکومەتدا دابەش بکرێت.

هۆشیار عەبدوڵا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند" بزوتنەوە گۆڕان بەتەواوی ئەوە ڕەتدەکەینەوە کە کێشەی پۆستی سەرۆکی هەرێم لەناو حزبەکاندا بکرێت وەک بارزانی داوایکردوە ، چونکە سەرۆکایەتی هەرێم دامەزراوەیەکی قانونیە و پێویستە ئەو کێشەیە لەناو دامەزراوە ڕەسمیەکاندا چارەسەر بکرێت".

نابراو دەشڵێت" وەک بزوتنەوەی گۆڕان هەوڵی زۆر و ڕەشنوسی یاسامان بۆ چارەسەری کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم پێشکەش کرد بە مەبەستی گۆڕینی سیستمی سیاسی لە سەرۆکایەتیەوە بۆ پەرلەمانی ، پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێگربوون ، لە ئێستاشدا سیستمی سیاسی هەرێم تەنانەت سەرۆکایەتیش نیە بەڵکو شیوەیەکە لە حوکمی عائیلی عەشایەری،لێرەوە هەڵوەشاندنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم لەبەرژەوەندی هەرێم و گۆڕینی سیستمە سیاسیەکەیەتی بۆ پەرلەمانی وەک ئەوەی لە عێراقدا هەیە" .

هۆشیار ئەوەشی وتوە کە سیستمی سەرۆکایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەر لە سیستمی شمولی و دیکتاتۆری دەردەهێنێت ، لە شێوەی عیراقی سەردەمی سەددام و سوریا و لیبیا و میسری سەردەمی موبارەک .

ئەو پەرلەمانتارەی گۆران ڕایگەیاندوە : ئێمە ئێستا لەهەرێم لەبەردەم حاڵەتێکداین ، کەسێک زیاتر لە ۱۳ ساڵە لەو پۆستەدایە و هەتا ئەم ساتەوەختەش بێ هیچ یاسا و تەشریعێک ئیدیعای ئەو پۆستە دەکات ، باشترین ڕێگە بۆ ئەم ساتەوەختە کە باس لە جۆرێک لە هەنگاونان دەکرێت بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی سیاسی هەرێم هەڵوشاندنەوە و کۆتایی هێنانە بە پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکایەتی هەرێمە و دابەشکردنی کار و ئەرکەکانیەتی بەسەر سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەت .



PM:01:37:24/11/2016