سەردار قادر: هەوڵێک هەیە بۆ تێکدانی ئارامی سلێمانی

سەردار قادر، لە بری پارێزگاری سلێمانی لەسەر سووتاندنی دوو ئۆتۆمبێلەکەی مامۆستایانی ناڕازی ڕایگەیاند " پارێزگاری سلێمانی زۆر به‌توندی ئیدانه‌ی سوتانی ئۆتۆمبێلی ئه‌و مامۆستایانه‌ ده‌كه‌ن، به‌ هه‌وڵێكی ده‌زانێت بۆ تێكدانی ئارامی شارو شێواندنی بیرورا و هه‌ڵوێستی جیاواز."

ئەمڕۆ سەردار قادر، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە "شەوی رابردوو دەستێكی رەش هەستاوە بەسوتانی ئۆتۆمبیلی مامۆستایان گوڵاڵە سدیق ‌و ئاوات حەسەن، كە هەردووكیان ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازین لەشاری سلێمانی، ئێمە لەپارێزگای سلێمانی زۆر بەتوندی ئیدانەی سوتانی ئۆتۆمبیلی ئەو مامۆستا بەڕێزانە دەكەین".

شەوی ڕابردوو ئۆتۆمبێلی دوو ڕێکخەری خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان لە سلێمانی سوتێنراون.

ئاوات حەسەن یەکێک لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکەی سلێمانی ڕایگەیاند "شەوی ڕابردوو لەلایەن چەند کەسێکەوە ئۆتۆمبێلی من و مامۆستا گوڵالە سدیق و باوکی سوتێندراون و پێویستە دەسەڵات لە هەڕەمەوە بێتە سەر خەت و ئەنجامدەرانی ئەو کارە بە سزای خۆیان بگەیەنێت".

هەروەها باس لەوە دەکات کە باوەڕی بە تۆمارکردنی سکاڵا نییە و ڕاشیگەیاندووە"تاوەكو دۆزینەوەی تاوانبارەكان، دەسەڵات تۆمەتبارە".

ئاوات حەسەن وتیشی "ئەمە یەکەم جار نییە کە هەڕەشەم لێدەکرێت، پێشتریش خۆم و ئۆتۆمبێلەکەم لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە فڕێندراوین".

هەروەها ئەو ڕێکخەرەی خۆپیشاندانەکەی سلێمانیش ڕایگەیاندووە ""ئۆتۆمبێلەكەم لە جۆری پرادۆی مۆدێل 2015 بوو، بەتەواوی سووتاوە، بەشێكی ئۆتۆمبێلەكەی باوكیشم بەهۆی ئاگركەوتنەوەكە سووتاوە".



AM:10:59:27/11/2016