وردەكاریی كۆبوونەوەكەی پارتی‌و شیوعی بخوێنەرەوە

پاش كۆتایی هاتنی کۆبوونەوەی شاندی دانوستاندنکاری پارتی و حیزبی شیوعی لە شاری هەولێر لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا وردەكاریی كۆبوونەوەكە بۆ میدیاكان ئاشكرا كرا.

لەكۆنگرە رۆژنامەنوسییەكەدا فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی و سەرۆكی شاندی پارتی رایگەیاند: "ئێمە پڕۆژەی یەکلایەنەمان نییە، هاتووین ئەفکارەکان کۆبکەینەوە و ئالیەتێک پەیدا بکەین، بۆ ئەوەی پڕۆژەی سەرجەم لایەنەكان لە پڕۆژەیەکدا کۆبکەینەوە و، ئەو ئالیەتە پڕۆژەیەکی هەمەلایەنە پێکبێنێت".

لەبەرامبەردا دکتۆر کاوە مەحمود، سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان رایگەیاند "دەستپێشخەرییەک هەیە، بۆ ئەوەی ئەو دەستپێشخەرییە ببێتە پڕۆژەیەک، پێویستی بە میکانیزم هەیە".

وتیشی "هاتنی شاندی پارتی و چاوپێکەوتنی لەگەڵ لایەنەکان، ئەمە مانای کەمبوون نییە کە پڕۆژەیان نەبێت، بەپێچەوانەوە بەو گفتوگۆیەی لەگەڵ لایەنەکان دەیکەن، دەبێتە هۆی ئەوەی پڕۆژەیەکی واقیعی دروست بکەن".

سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان پێیوابوو "ئەم گوێگرتنەی شاندی پارتی لە هەموو لایەنە سیاسییەکان پرسێکی گرنگە و، دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەکان بە ئێمەشەوە بیروبۆچوون و میکانیزمی خۆمان پێشکەشی پارتی بکەین، بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان پێکەوە لە کۆتاییدا بتوانین میکانیزمێک دروست بکەین، ئەم دەستپێشخەرییە ببێتە پڕۆژەیەک و تابعێکی کوردستانی لەسەر ئاستی هەرێم هەبێت".



PM:12:09:29/11/2016