داوا دەکرێت بۆ شەڕی پشکی بوودجەی هەرێم، بارزانی بچێتە پەرلەمانی عێراق

سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق داوا لەمەسعود بارزانی دەكات بۆ پرسی بوودجەی هەرێم بچێتە پەرلەمانی عێراق و شەڕی بودجە بكات.

لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ئاڵا تاڵەبانی سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز لەئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند " كاتی دەنگدان لەسەر یاسای حەشدی شەعبی عەممار حەكیم سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لەعیراق خۆی هاتە نوێنەران بە عەمامەكەی و بەوەزنی خۆیەوە داوای لە پەرلەمانتاران كردو پێی وتن موچەی حەشدی شەعبی بدەن، یاسان بۆ دەربكەن، ئەی بارزانی بۆ نایەت بۆ بەغدا".

ئاڵا تاڵەبانی وتیشی" ئەی بەرپرسە گرنگەكانی ئێمە بۆ نایەن بۆ بەغدا، من پێش هەموو كەسێك داوا لەمەسعود بارزانی دەكەم، ئەو فەرماندەی گشتی هێزەكانی پێشمەرگەیە، خۆی بە پێشمەرگە دەزانێت، بەڕاستیش كەسایەتییەكە پێشمەرگەیە، بۆچی نایەت بۆ بەغدا لەناو پەرلەمان بڵێت دەبێت موچەو شایستەكانی پێشمەرگە بدەن؟ با ئەمەیان ئێمە نەیكەین ئەم هەموو شەڕە بەئێمە ناكرێت، بۆ فەرماندەكانی پێشمەرگە بەجلە كوردییەكانیانەوە وەك چۆن عەممار حەیكم بە عەمامەكەیەوە هات ئەوانیش نایەنە ناو پەرلەمان".

لەبەشێكی تردا ئاڵا تاڵەبانی وتی " هێزی پێشمەرگە هی هەموو لایەكمانە، لەپێش هەموو كەسێكەوە هی ئێمەیە، زۆرینەی شەهیدەكان هی یەكێتییەو قوربانییەكانی پێشمەرگە هی یەكێتییە، لەكاتێكدا ئێمە لەبەغدا هەوڵدەدەین بێئەوەی هەندێكیان بزانن چییە، دەستبەجێ رەخنە دەگرن، ئەم هەموو شەڕەی بەغدا ئاسان نییە".

مەسعود بارزانی لەساڵی ٢٠١٣ەوە واتە لە خولی چواری پەرلەمانی کوردستانەوە، تەنها یەکجار چۆتە پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤داو لە روخانی رژێمی عێراق و یەکەم هەڵبژاردنی عێراق و دروستبوونی پەرلەمان لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە تا ئەمڕۆ مەسعود بارزانی نەچۆتە پەرلەمانی عێراق و هەموو شەڕەکانی نێو دەزگا گرنگە هەڵبژێردراوەی پەرلەمان جێهێڵراوە بۆ نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق. 



AM:11:21:04/12/2016