" بۆ پرسی بودجەی هەرێم لە بەغدا، ئێستا تۆپەکە لەپێی یەکێتیدایە"

پەرلەمانتارێکی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت" ئێستا ئیدی تۆپ لە قاچی یەكێتیدایە نەك هەر پارتی".

هۆشیارعەبدوڵا پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق  لە پەیجی خۆیەوە لە تۆڕیئ کۆمەڵایەتی فەیسبووک، دەڵێت "لەڕوی یاساییەوە بۆ بودجە رێككەوتنی نەوتی و پشكی پێشمەرگەمان وا رێكخستوە، ئەگەر حكومەتی هەرێم بێ گرێوگۆڵ و ئەملاولا بێتەپێشەوە ئەوا هەم موچەی خەڵك و هەم ژیانی پێشمەرگە باشدەكرێت، بەڵام پێموانییە بێ فشار ئەو حكومەتە شكستخواردوە جێبەجێی بكات".

هوشیار عەبدوڵڵا ئەوەشی رونكردۆتەوە، ئێستا دەبێت یەكێتی كە جێگری حكومەت و شەریكی دەسەڵاتە و ئیدارەی كەركوكی لایە و نیوە زیاتری رێككەوتنەكە پەیوەستە بە نەوتی كەركوكەوە، قسەی یەكلاكەرەوەی خۆی بكات، ئایا دەیەوێت ئیلتیزام بكات یان نا؟ چونكە چیتر تەنها پارتی ناتوانێت پابەند نەبێت ئەگەر یەكێتی شەراكەتی نەكات لەو بڕیارەدا.

پەرلەمانتارە كوردەكە دەشڵێت "جارێكی تر وتومە لە پەرلەمانی عیراق، دانوستانكردن لەگەڵ هێزەكانی تری شیعە و سوننەدا بۆ بودجە، بۆ نەوت بەهۆی سەرپێچی و دزی و فزیەكانی هەرێمەوە نەك ئاسان نییە بەڵكو هەندێجار نامەنتیقی و نالۆژیكی و شەڕ فرۆشتنە پێیان".

ئەمڕۆش گفتوگۆ لەسەر بودجەی ٢٠١٧ ی عێراق لە پەرلەمانی عێراق بەردەوامە، دوێنێ پڕۆژەی گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵ و دواتریش یەکگرتوو قبوڵکرا بۆ پشکی پێشمەرگەو لە ١٧% هەرێم، پارتیش کۆبوونەوەیەکی جێهشت و ئەمڕۆ موحسین سەعدون لە فراکسیۆن پارتی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە وەک هەڵوێستی دوێنێیان بەشداری کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق ناکەن لەسەر پرسی بودجە. 



PM:01:24:05/12/2016