گۆڕان: ئەگەر پارتی لەخەمی پێشمەرگەدا بوایە وەفدێکی بۆ پرسی بوودجە وەفدێکی دەناردە بەغدا

فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لەسەر پەرلەمانتارەکەی هاتە دەنگ و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە " ئەگەر پارتی لەخەمی پێشمەرگەدا بوایە وەفدێکی بۆ پرسی بوودجە وەفدێکی دەناردە بەغدا".

 دەقی روونکردنەوەکە: 

روونكردنەوەیەك لەفراكسیۆنی گۆڕان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق-وە

دوای ئەوەی پارتی لەپرسی پەسندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی (٢٠١٧)ی عیراقدا تووشی شكست بۆوە و تەنیا شەرمەزاریی بەردەم خەڵكی كوردستانی بۆ مایەوە و جارێكی دیكە لەنێو فراكسیۆنە كوردستانی و عیراقییەكانی پەرلەماندا وەتاقکەوت و دژی هەر چارەسەرێکی یاساییانەی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پێشمەرگە وەستایەوە، ئێستا دەیەوێ بەهەر نرخێك بێت ئەو شكست و شەرمەزارییەی خۆی بشارێتەوە و دیسانەوە بە پەنابردنە بەر كۆمەڵێ دروشمی بەتاڵ و مزایەدەی داماڵراو لەهەموو خەمێكی نەتەوەیی خۆڵ بكاتە چاوی خەڵك و رایگشتی كوردستانی چەواشە بكات، بۆیە لەم دۆخەدا كە كەوتۆتە هەناسەبڕكێی سیاسیەوە، هیچ بیانووێكی نەدۆزیوەتەوە، جگە لەچەند وتەیەكی هاوكارمان خاتوو (سروە عبدالواحید) نەبێت كە لەبەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا لەسیاقی خۆی دەریانهێناوە تا لەرێگەیەوە و بۆ چاوبەستەكیی، ئامانجی نەتەوەیی درۆزنانە و پەرۆشیی ساختەكارانە بۆ سەروەریی شەهیدان و كەسوكارییەكانیان و نەبەردییەكانی هێزی پێشمەرگە دەرببڕن. 
پارتی و وەزارەتە ئینقیلاب بەسەرداكراوەكەی پێشمەرگە، ئەگەر لەخەمی ژیان و مووچە و شكۆی پێشمەرگە بوونایە، بەدرێژایی ئەو ماوەیەی ئێمەی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەبەغدا سەرقاڵی بەدەستهێنانی مافە دەستووری و یاساییەكانی پێشمەرگە بووین، هیچ نەبا وەفدێكیان دەناردە بەغدا و شەڕیان لەسەر مافەكانی پێشمەرگە دەكرد، تا بە كردار نەك بە بەدروشمی بریقەدار پەرۆشیان بۆ شكۆ و قوربانییەكانی پێشمەرگە دەسەلماند، بەڵام ئەوە فراكسیۆنەكەی خاتوو سروە و فراكسیۆنە هاوپەیمانەكانمان بوون كە سەنگەر بە سەنگەری گفتوگۆكانی پرۆژە یاسای بودجەمان لەفراكسیۆنەكانی دیكە گرتبوو تا زۆرترین ماف و دەستكەوت بۆ پێشمەرگە قارەمانەكانمان دەستەبەر بكەین و توانیمان دەقێك بخەینە ناو پرۆژە یاساكەوە كە لەساڵی (۲٠٠۳)ەوە دەستكەوتی وا بۆ پێشمەرگە جێگیر نەكراوە، نەك وەك فراكسیۆنەكەی پارتی سەنگەری بەرگریی لەپێشمەرگە چۆڵ بكات و بە هاتوهاواری مزایەدەكارانە، هۆڵی دانیشتن و كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بەجێبهێڵێت و لەیەكڕیزیی فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەربچێت.
 جگە لەوەش ئەگەر پارتی و حكومەتە شكستخواردووەكەی تۆزقاڵێك رێزیان لەخوێنی شەهیدان و ژیان و گوزەرانی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان بگرتایە، چەندین ساڵە و لەسایەی ئەو دەیان ملیار دۆلارەی دەهاتە هەرێمەوە، ژیانێكی شایستە بە خوێنی شەهیدانیان بۆ كەسوكارە سەرفرازەكانیان دەستەبەر دەكرد، نەك دوای (٢٥) ساڵ حوكمڕانی و داهاتێكی بێ شوماری هاتوو لەبەغدا و دەستكەوتوو لەنەوتی بەتاڵانكراو، كەسوكاری شەهیدان، هاوشانی فەرمانبەران و مامۆستایانی كوردستان، لەسرەی تاقەتپروكێنی مووچەدا بوەستێنرێن و خۆشیان لەسەر حسابی خوێنی شەهیدان ژیان لەكۆشكە شاهانەكان بگوزەرێنن و لەوڵاتانی دەرەوە درێژە بە كەیف و سەفای خۆیان بدەن، مناڵەکانیان لەگرانبەهاترین قوتابخانە ئەهلیەکان و زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهان بخوێنن و مناڵی شەهیدان و پێشمەرگەش بەهۆی بێ پلانی و سیاسەتە نادادپەروەرانەکانی ئەوان لەخوێندن بێ بەش بکرێن، یان هیچ نەبا وەفدێكیان دەهاتە بەغدا و بەرگریان لەبەشە بودجەی هەرێم و مووچەی خەڵکەکەی لەناو یاسای بودجەدا دەكرد، نەک پێشوەخت بەیاننامە دەربكەن و بڵێن ئامادەنین پابەندی یاساكە ببین و خۆیان و فراكسیۆنەكەشیان هەموو هەوڵێك بۆ رێگریكردن لەپرۆژەی چارەسەری چوار فراكسێۆنە كوردستانییەكەی دیكە بگرن، تا دۆخی هەرێمی كوردستان وەك خۆی بمێنێتەوە و درێژە بەو تاڵانفرۆشیی و هەرزانفرۆشییەی نەوتی هەرێم و كەركوك بدەن كە تەواوی خەڵكی هەرێمی خستۆتە قەیران و گێژاوێكی ئابووری خنكێنەرەوە.
فراكسیۆنی گۆڕان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق
٢٠١٦/١٢/٩



AM:11:33:09/12/2016