بەپەلە.. ئاسایشی سلێمانی هاوڵاتیان ئاگاداردەکاتەوە

ئاسایشی سلێمانی هاوڵاتیان لەبارەی بڵاوبوونەوەی دراوی ساختە ئاگاداردەکاتەوە.

عەقید ئەسکەندەر مەحمود، لێپرسراوی بەشی لێکۆڵینەوە لەبەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، بە ماڵپەڕی SNNی ڕاگەیاندووە
"چەندین بڕە پارە لەدراوی ساختەی دۆلارو یۆرۆو ١٠ ھەزاری و پێنج ھەزار دیناریی ساختە دەستیان بەسەردا گیراوەو ئەو کەسانەشی ئاڵوگۆڕیان بەو دراوانەوە کردووە، دراونەتە دادگا".

هەروەها ڕاشیگەیاندووە "ھەرکەسێک بەتۆمەتی مامەڵەکردن بە دراوی ساختەوە دەستگیر بکرێت، بەپێی مادەی ٨١ لەیاسای سزادانی عیراقی، سزا دەدرێت و تا ئێستاش چەندین کەس بەو ھۆیەوە دەستگیرکراون".

لێپرسراوی بەشی لێکۆڵینەوە لەبەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ئاشکراشیکردووە زۆربەی ئەو دراوانە لەبازاڕەکاندا دەستیان بەسەردا گیراوە، لەدەرەوەی ھەرێمی کوردستانەوە ھاوردەکراون.

هەروەها دەڵێت "داوا لەھاوڵاتیان دەکەین، دراوی ساختەیان لەلای ھەر کەسێک بینی، ڕاستەوخۆ ئاگادارمان بکەنەوە، تا دەستی بەسەردا بگرین و ڕێوشوێنی یاسایی بگرینەبەر".



PM:07:42:11/12/2016