یەكێتی‌و گۆڕان‌و یەكگرتوو و كۆمەڵ كۆدەبنەوە

بڕیارە پاش نیوەرۆی ئەمرۆ هەریەك لە فراكسیۆنەكانی (یەكێتی‌و گۆڕان‌و یەكگرتوو و كۆمەڵ) لە پەرلەمانی عێراق كۆببنەوە‌و بڕیار لەسەر كۆبوونەوەی سبەینێ لەگەڵ حكومەتی هەرێم بدەن.

لەمبارەیەوە كاوە محەمەد، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق تایبەت بە سپی رایگەیاند: بڕیارە كاتژمێر 4ی پاشنیوەرۆی ئەمرۆ لە نوسینگەی پەرلەمانی عێراق هەر چوار فراكسیۆنی یەكیتی، گۆڕان، یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی كۆببینەوە‌و تاوتوێی پێشنیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین كە داوای كردوە سبەینێ چوارشەممە لەگەڵیان سەبارەت بە بودجەی عێراق كۆببینەوە.

بەپێی زانیارییەكانی سپی بڕیارە رۆژی چوارشەممە 14-12-2016 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی ساڵی 2017 عێراق كۆدەبێتەوە.

بەپێی كارنامەی دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیران لەو كۆبوونەوەیە بڕیارە ماددە و بڕگەكانی یاسای بودجە پەیوەست بە هەرێمی كوردستان گفتوگۆیان لەسەر بكرێت، هاوكات بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بە داهاتی بە دەستهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی فرۆشتنی نەوت بە راستەوخۆ بەراورد بكرێت و بۆ وەزیرەكان بخرێتەڕوو.



PM:03:42:13/12/2016