ڤیدیۆ..کاوە محەمەد: ئێمە متمانەمان بە ژمارەکانی حکومەتی هەرێم نییە

لە دوای کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی فراکسیۆنەکانی کورد لە پەرلەمانی عێراق، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان وتی" لە کۆبوونەوەی حکومەتی هەرێم و فراکسیۆنە کوردییەکاندا هیچ بڕیارێک نەدراوە و هەردوو لا داتاو ئاماری جیاوازیان لەبارەی بودجەوە خستووەتەڕوو، ئێمە متمانەمان بە ژمارەکانی حکومەتی هەرێم نییە".

لە لێدوانەکانیاندا بۆ میدیاکان سەرۆکی فراکسیۆنەکان باسی کۆبوونەوەکەیان کرد، کاوە محەمەد سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان "لە کۆبوونەوەی حکومەتی هەرێم و فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراقدا، هیچ بڕیارێکی کۆنکرێتی نەدراوە".

وتیشی، لە کۆبوونەوەکەیاندا ئەوان کۆمەڵێک داتا و زانیارییان لەبارەی بوجەوە خستووەتەڕوو، هەروەها حکومەتی هەرێمیش کۆمەڵێک داتا و زانیاری جیاوازی خستەڕوو.

ناوبراو وتی" ئێمە متمانەمان بەژمارەکانی حکومەت نییە، باس لەکۆمەڵێک قەرزدەکەن، لە ٤٠% داهاتی هەرێم بۆ قەرزی کۆمپانیاکان دەڕوات، نازانین قەرزی کام کۆمپانیایە، چەند کەی تەواودەبێت، حکومەتی هەرێم هیچ شتێکی دیارنییە، شەفافیەت نییە، دامەزراوەیی نییە، هەر تەنها خستنە ڕووی ژمارە بەس نییە، چەندین جار گوێمان لە ژمارە بووە".
 
کاوە محەمەد ڕاشیگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر ئەوەکرایەوە کە هەوڵبدرێت لێکتێگەیشتنی زیاتر بەدیبهێندرێت، بۆئەوەی بتوانرێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابینبکرێت.

 لە شاری هەولێر، حکومەتی هەرێم لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراقدا کۆبووەوە، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر یاسای بودجەی عێراق، بۆ ساڵی ٢٠١٧ .




PM:06:22:21/12/2016