لەسەر داوای مەسرور بارزانی پەرلەمانتارێک بە ١٧٠ ملیۆن دینار سزا دەدرێت

دادگای هەولێر لەسەر سکاڵای سەفین دزەیی و مەسرور بارزانی بڕیاری سزادانی سۆران عومەر بە بڕی ١٧٠ ملیۆن دینار دەرکرد.

سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، ڕاگەیاند "دادگای هەولێر لەسەر لێدوانێکم ، لە ڕۆژی ١٣ ی ئازاری ئەمساڵدا و لەسەر سکاڵای سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی هەرێم و مەسرور بارزانی ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم، بڕیاریداوە بە سزادانم بە بەڕی (١٧٠) ملیۆن دینار، کە بڕی (٦٠) ملیۆن دیناریان لەسەر سکاڵاکەی سەفین دزەییە و بڕی (١١٠) ملیۆن دیناریان لەسەر سکاڵاکەی مەسرور بارزانییە".
 
لە سکاڵاکەیاندا وتەبێژی حکومەتی هەرێم و ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم ئاماژەیان بۆ ئەوە کردوە، لە ڕۆژی ١٣ی ئازاری ٢٠١٦ سۆران عومەر لە بەرنامەی تاوتوێی کەناڵی ئێن ئاڕ تیدا "زانیاری ناڕاستی لە سەر هەریەکە لە مەسرور بارزانی و سەفین دزەیی" بڵاوکردوەتەوە.
 
وەک سۆران عومەر ئاشکرای کرد سکاڵاکەی مەسرور بارزانی، لەسەر ئەو وتەیەی سۆران عومەر بووە، کە لە بەرنامەی تاوتوێدا ڕایگەیاندبوو "کورێکی مەسعود بارزانی، نەوتی عەین زالەی فرۆشتووە و کەناڵێکی ئاسمانی بە بڕی ٧٩ ملیۆن دۆلار دامەزراندووە".
 
هەروەها سکاڵاکەی سەفین دزیی، لەسەر وتەیەکی سۆران عومەر بووە لە هەمان بەرنامەی تاوتوێدا کە وتوویەتی " لەم کاتی قەیرانی داراییەدا ئۆتێلێک بە ناوی ئوتێل هەورامان لە نزیک ئوتێل چوارچرای شاری هەولێر لە لایەن خێزانی وتەبێژی حکومەتەوە تەواوکراوە".



AM:09:52:22/12/2016