دەستەی مافی مرۆڤ بانگخوازێکی ئاینی ناسراو دەداتە دادگا

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوا دەکات بانگخواز و مامۆستای زانکۆ د. عەبدالواحید محەمەد لەسەر ئەو هێرشانەی کردوویەتیە سەر مەسیحیەکان بدرێتە دادگا.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەسەر لێدوانەکانی د. عەبدالواحید محمد دەڵێت" دوای بڵاو كردنەوەی وتارێكی بانگخواز (د عبدالواحید محمد) لەسەر هێرش كردنە سەر ئایین و پەیڕەوانی ئایینی مەسیحی ، ئەوەش نیگەرانی زۆربەی خەڵكی لێ كەوتەوە بەتایبەت پەیڕەوانی ئایینی مەسیحی لەهەرێمی كوردستان و ئازادیخوازان ، ئێمە وەك دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەرەڕای ئەوەی نیگەرانین لەهەر هەوڵێك كە بیەوێ ئاسایشی كۆمەڵایەتی تێك بدات و هێرش بكاتە سەر پێكەوە ژیان و ئایینەكان".   
 
لێدوانی ڕۆژنامەوانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ 

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەسەر وتارێكی ( د .عبدالواحد محمد) داوای وەگرتنی رێكاری یاسایی دەكات و وتارەكەش بەهاندان بۆ تێكدانی ئاسایشی نەتەوەیی و پێكەوە ژیان دەزانێت.

دوای بڵاو كردنەوەی وتارێكی بانگخواز (د عبدالواحید محمد) لەسەر هێرش كردنە سەر ئایین و پەیڕەوانی ئایینی مەسیحی ، ئەوەش نیگەرانی زۆربەی خەڵكی لێ كەوتەوە بەتایبەت پەیڕەوانی ئایینی مەسیحی لەهەرێمی كوردستان و ئازادیخوازان ، ئێمە وەك دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەرەڕای ئەوەی نیگەرانین لەهەر هەوڵێك كە بیەوێ ئاسایشی كۆمەڵایەتی تێك بدات و هێرش بكاتە سەر پێكەوە ژیان و ئایینەكان ، چونكە لەڕابردوش بەجۆرەها شێواز هێرش كرایە سەر ئایینی ئیزیدی و كاكەیی یەكان وجولەكەكان و ئەوانی تر لەلایەن خەڵكانێكەوە بەڵام بەداخەوە هیچ ڕێكاریكی یاساییان بەرامبەر نەكرا ، بۆیە ئێمە بەووردی بەدوا داچونمان كرد بۆوتارەكەی ناوبراو و هەڵسەنگاندنی لەڕوانگەی بنەماكانی مافی مرۆڤ و یاسای ژمارە (5) ی ساڵی 2015 ی پاراستنی مافی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەكان وە ئەوەی لەوتارەكە دەردەكەوی َ بریتی یە لە :

1_ تەواوی وتارەكە هێرش كردنە بۆ سەر ئایین و پەیرەوانی ئایینی مەسیحی و ناوزراندن بەو ئایینە ، ئەوەش تەواو پێچەوانەی بنەماكانی مافی مرۆڤەو هاندانێكی زەقە بۆ رەت كردنەوەی ئایینی مەسیحی و ئازادی بیرو ڕاو ئازادی پەیرەو كردنی ئایینی لای مرۆڤەكان لەهەمان كات پێچەوانەی سەرجەم بیرو ڕاو ناوەرۆكی پەیامی ئایینە ئاسمانیەكانە كە ماف بەكەس نەدراوە ئایینی كەس ڕەت بكاتەوەو بەزۆر ئایینی تر فەرز بكات و ئەو جۆرە وتارە بەمەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و پێكەوە ژیان دەزانین بەتایبەت لەو بارودۆخە.

2_لەوتارەكەی ناوبراو بەجۆرێك باسی ئایینی مەسیحی دەكات وەك ئەوەی شتێكی نامۆ بێت بەو وڵات و هەرێمی كوردستانە بێ ئەوەی لەڕووی مێژوویی و واقعیەوە خوێندنەوەی بۆ پێكەوە ژیانی ئایینی و نەتەوەیی كردبێت لەهەرێمی كوردستان و عێراق و كە جوانترین نمونەی ئەو پێكەوە ژیانەیەوبەتایبەت مەسیحیەكان كە بەشێكی ڕەسەنن لەو وڵاتە ، تەنانەت لەرابردووش هەوڵی لەو جۆرە درا بەڵام هیچ بەهای نەبو وە تەنانەت دوا هەوڵیش گروپی تیرۆریستی داعش بو كە ویستی ناوو مێژوی ئایینەكان بسڕێتەوە و ناكۆكی بخاتە نێوانیان بەڵام شكستی هێنا چونكە ئەوانیش بێ ئاگا بون  لەو مێژووە هاوبەشەی لەنێوان هەموو ئایینەكان هەبوە لە قوربانی دان و تێكڵاوی كۆمەڵایەتی خەباتی هاوبەش.

3_ئێمە سەرەڕای نیگەرانی خۆمان لەو جۆرە وتارانە كە ئەوە یەكەم جار نیە لێرەو لەوێ لەلایەن خەڵكانێك بەو جۆرە هێرش دەكرێتە سەر ئایینەكان و پێكەوە ژیان لەهەمان كات پێمان وایە ئەو وتارانە تەواو پێچەوانەی بەڵَگەنامەكانی مافی مرۆڤ و پێكەوە ژیانی ئایینی یە لەهەرێمی كوردستان  مەترسی هەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و ئاییندەی ئەو ئایینانە وە بۆیە داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین بە ئەركی خۆیان هەڵسن بەرێگە نەدان بەو جۆرە وتارانەو وەرگرتنی رێكاری یاسایی  بەرامبەر ئەو وتاربێژانە بەپێ ی یاسای ژمارە (5) ساڵی 2015، بەتایبەت دام و دەزگاكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كە ئەركیان پاراستنی ئاسایشی خەڵك و ژیان و سەروەری مرۆڤەكان و رێگری كردنە لەهەر هەولێك كە بیەوێ ئاسایشی كۆمەڵگا تێك بدات.



دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان



PM:12:20:31/12/2016