ئافرەتێکی نیپاڵی لە پارێزگای دهۆک بێسەروشوێن
بووە و لە ئێستەشدا پۆلیس بەدوایدا دەگەڕێت.
رائید هێمن سلێمان بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی
گشتیی پۆلیسی دهۆک، بە ماڵپەڕی وشەی ڕاگەیاندووە "سابیری بیشو کارما ناوی ئافرەتەکەیە،
لە وڵاتی نیپاڵەوە هاتووە و پێشتر لە دهۆک کاری کردووە، چەند رۆژێکە بێسەروشوێنە، ئێمە
وەک پۆلیسی دهۆک بە دوایدا دەگەڕێین و داوا لە هاووڵاتییان دەکەین ئەگەر زانیارییان
لەسەری هەیە، ئەوا پۆلیس ئاگەدار بکەوە".
هەروەها دەڵێت "بە بڕیاری دادوەری
لێکۆڵینەوەی دهۆک، دەستمان کردووە بە بەدواداچوون و سۆراغکردنی ئەو ئافرەتە و ناو و
وێنەیمان بڵاو کردووەتەوە، بە مەبەستی ئەوەی زانیاریی لەبارەوە بدەین بە خانەوادەکەی".
بەشێک لەو کچانەی کە لە هەرێمی کوردستان
کاردەکەن خەڵکی نیپاڵن، بەڵام ئەمە جاری یەکەمە خانمێکی ئەو وڵاتە بێسەروشوێن بێت.