مەکتەبی سیاسی پارتی کۆبوونەوەیەکی گرنگ سازدەکات

بڕیارە ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی سەرۆکی پارتی، مەسعود بارزانی، مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە بەمەبەستی گەڵاڵە کردنی پرۆژەی ئاشتی نێوان لایەنە ناوخۆیەکانی کوردستان، کۆبێتەوە.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە هەولێر بە سپی راگەیاند" کۆبوونەوەی ئەمرۆ ١/٩ مەکتەبی سیاسی پارتی کۆبوونەوەیەکی گرنگ دەبێت، چونکە تێڕوانینەکەی بارزانی لەمەڕ چارەسەرکردنی سیستەمی سیاسی لە کوردستاندا دەکرێتە پڕۆژەو دواتر دەخرێتە بەردەم لایەنەکان بۆ گفتوگۆکردن".

ئەو کۆبوونەوەیەی مەکتەبی سیاسی پارتی، دوای ئەو کۆبوونەوانەی وەفدێکی مەکتەبی سیاسی پارتی بە سەرۆکایەتی فازل میرانی دێت، کە لەگەڵ سەرجەم لایەنە جیاوازەکانی کوردستان لە هەولێر و سلێمانی کۆبوونەوەو بیروڕایان وەرگرتن.

مەسعود بارزانی رۆژی ٢٠١٦/١١/٢٠ پەیامێکی لەسەر چارەسەری بارودۆخی کوردستان بڵاوکردەوە، لەو پەیامەدا داوا دەکات گۆڕانکاری لە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکایەتی پەرلەماندا بکرێت، دواتر وەفدێکی باڵای پارتی سەردانی لایەنەکانیان کردو، ئەمڕۆش مەکتەبی سیاسی پارتی پرۆژەیەک لەسەر ئەو پەیامەی بارزانی گەڵاڵە دەکات. 



PM:12:42:09/01/2017