جەلالی سام ئاغا: گۆڕانکاری بە ئاڵوگۆڕی کەسەکان ناکرێت

سەرۆکی پێشووی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی ڕایگەیاند، پێشنیازی کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم پەسەند ناکات و وتی "گۆڕانکاری بە ئاڵوگۆڕی کەسەکان ناکرێت".

  جەلالی عومەر سام ئاغا، سەرۆکی پێشووی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی لە ڕونکردنەوەیەکدا کە ئەمڕۆ ١٠ی کانونی دووەمی ٢٠١٧ وێنەیەکی بۆ سپی میدیا نێردراوە، تیایدا وتوویەتی "ماوەیەکە لەلایەن چەند کەسایەتییەکەوە لە ڕێگەی میدیاکانەوە ناوی ئێمە دەهێنرێت وەک کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێمان باش بوو لەڕێگەی ئەم ڕوونکردنەوەیەوە قسەی یەکەم و کۆتاییمان لەسەر ئەم پرسە بە هاوڵاتیان و هەموو لایەک ڕابگەیەنین  و ئەم پێشنیازە بە سوپاس و داوای لێبوردنەوە پەسەند ناکەین".

هەروەها وتی "وەک کەسێکی سەربەخۆ بە یەک دووریی لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان وەستاوین".

بەڕێوەبەری پێشووی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی وتیشی، بەهۆی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەوە لە ماوەی زیاتر لە چارەکە سەدەیەکی حکومڕانی نوخبەی سیاسی کوردیدا "دۆخی هەرێمی کوردستان لە هەموو ڕوویەکەوە وێران و داڕماوە و هەموو جۆرەکانی گەندەڵی سەرتاپای کۆمەڵگەی کوردستانی گرتووەتەوە و گەیشتووەتە ئاستێک کە لە ئێستادا چاوەڕوانی باش و خێری لێ ناکرێت".

جەلالی سام ئاعا ڕاشیگەیاند "هەر ئاڵوگۆڕێک لە سیستمی حکومڕانی و کەسایەتییەکانی ناویدا بکرێت کە بونەتە هۆکاری گەیاندنی هەرێم بەم دۆخە نەخوازراوەی ئێستا، بە قازانجی چارەسەر دەشکێتەوە و پشتیوانی لێ دەکەین".

ناوبراو ئەوەشی وتووە "گۆڕانکاری بە تەنها بە ئاڵوگۆڕی کەسەکان نابێت، چونکە نوخبەی سیاسی دەسەڵاتدار گەندەڵی و تاڵانی موڵک و ماڵی گشتی بەشێوەیەکی فراوان شۆڕکردووەتەوە بۆ نێو کۆمەڵگە، بۆیە ئەرکی هاوڵاتیانی کوردستان و خەڵکە دڵسۆز و نیشتیمان پەروەرەکەیەتی کە پێش هەر کەسێکی تر هەریەک لە شوێنی خۆیەوە هەوڵی قەڵاچۆکردنی گەندەڵی بدات، تا دەگاتە لوتکە و بەرپرسانی سەرەکی ئەم دۆخەش ڕادەستی دادگای گەل بکەن".

لە کۆتایی ڕونکردنەوەکەیدا جەلالی سام ئاغا دەشڵێت "ئێمە بەئەزموونی چەندین ساڵەمان وەک کەسێک کە لە بواری دارایی و چاودێریدا هەوڵی بنەبڕکردنی گەندەڵیمان داوە، نیازمان نییە لەم تەمەنەدا کارێک بکەین کە شەرمەزاری میللەت و مێژووبین، بەڵام بڕوای زۆریشمان بەوە هەیە کە نەتەوەیەک بەرگەی ئەو هەموو نەهامەتییەی گرتبێت دەتوانێت ئەم دۆخە خراپەی ئێستاش تێپەڕێنێت".

جەلالی عومەر سام ئاغا کە پێشتر سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی بووە، لەماوەی کارەکانیدا زیاتر لە دوو هەزار ڕاپۆرتی لەسەر گەندەڵی بەرپرسەکانی ئیدارەی سلێمانی داوەتە پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەڵام چەند ساڵێکە دەستی لەکارکێشاوەتەوەو لەم ماوەیەی دوایدا لەلایەن چەند ناوەند و کەسایەتییەوە ناوی دەهات وەک جێگرەوەیەکی مەسعود بارزانی.



AM:11:14:10/01/2017