بارزانی: کەس مافی نییە گلەیی لە ئێمە بکات

بارزانی لە کۆبوونەوەی ساڵانەی لەگەڵ قونسڵ و نوێنەرانی وڵاتان لە هەولێر رایگەیاند " كەس مافی ئەوەی نییە لەبارەی یەكپارچەی عێراق گلەییمان لێ بكات".

بارزانی دەڵێت" هەموو شتێكمان كرد بۆ چەسپاندنی شەراكەتی راستەقینە، دووپاتیشی كردەوە كە ئەوانەی مووسڵیان رادەستی داعش كرد حەزیان نەدەكرد كردەوەگەلی كۆنترۆڵكردنەوەی دەست پێ بكات و سەر بگرێ، چونكە خۆیان شكابوون و نەیان دەویست سەركەوتنی خەڵكی تر ببینن".

بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان  کە لە ماڵپەڕی فەرمی بڵاوکراوەتەوە ئەمڕۆ پێنجشەم مەسعوود بارزانی بەمەبەستی گەیاندنی بیر و بۆچوون و سیاسەتی گشتیی هەرێمی كوردستان و شیكردنەوەی دوایین پێشهاتە سیاسی و تەناهییەكان، لەگەڵ نوێنەری ژمارەیەك وڵاتانی دنیا لە هاوینەهاواری پیرمام كۆ بووەوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە لەو كۆبوونەوەیەدا بارزانی پرسی شەڕی چەكدارانی داعش و سەرەتای سەرهەڵدانی ئەو گرووپە و مەترسییەكانی بۆ سەر جیهان و كۆی مرۆڤایەتی بۆ ئامادەبووان خستووەتە ڕوو، هەروەها ئاماژەی بە قۆناغی سەرەتای "شەڕی تیرۆری داعش " كردووە.

بارزانی لە كۆبوونەوەكەدا هاوكاری و پشتیوانی وڵاتانی هاوپەیمانی بەرز نرخاند كە بوونە هۆكارێكی گرنگ بۆ خێراتركردنی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە و هاوئاهەنگی نێوان پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانانیشی بەسەركەوتوو لەقەڵەم دا.

بارزانی لە كۆبوونەكەدا وتی " ئەوانەی مووسڵیان رادەستی داعش كرد، حەزیان نەدەكرد كردەوەگەلی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ دەست پێ بكات و سەر بگرێت، چونكە خۆیان شكابوون و نەیان دەویست سەركەوتنی خەڵكی تر ببینن".

روونی كردەوە كە، بۆیە لە 29ی ئەیلولی ساڵی رابردوو سەردانی بەغدام كردوو لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق و لایەنە پێوەندیدارەكان بناغەی ئەو هاوكارییەمان دانا لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و رۆڵی هەر لایەك دەستنیشان كرا و لەگەڵ دەست پێ كردنی كردەوە گەلەكە پێشمەرگە توانی لە ماوەیەكی كەمدا هێڵەكانی بەرگری داعش تێك بشكێنێ و رێگە بۆ هێزە عێراقییەكان خۆش بوو كە بتوانن بەرەو مووسڵ پێشڕەوی بكەن.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا مەسعوود بارزانی لەبارەی دۆخی ئابووری قسەی كرد و رای گەیاند كە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی تیرۆرستان و هاتنی یەك ملیۆن و هەشت سەد هەزار ئاوارە بارگرانییەكی زۆر كەوتە سەر هەرێمی كوردستان و دوای دەست پێ كردنی كردەوەگەلی مووسڵیش نزیكەی 100 هەزار كەسی تر لەو ناوچانە پەنایان بۆ هەرێم هێناوە.

بارزانی ئومێدی پێشان دا كە دوای تێكشكانی تیرۆرستان و فەراهەمبوونی گەڕانەوەی ئاوارەكان و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و پرۆسەی چاكسازی رەوشی دارایی هەرێم باشتر بێت.

بۆ دۆخی هەرێمی كوردستانیش، بارزانی ئاماژەی بەو كۆبوونەوانە كرد كە ئێستە لە نێوان لایەنە سیاسییەكان بەڕێوە دەچێ.

لە بەشێكی تری كۆبوونەكەدا بارزانی تیشكی خستە سەر پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و رای گەیاند كە كەس مافی ئەوەی نییە لەبارەی یەكپارچەی عێراق گلەیی لە ئێمە بكات، چونكە هەموو شتێكمان كرد بۆ چەسپاندنی شەراكەتی راستەقینەی و فرەیی و دیموكراسی و فیدراڵی و لە سەردانەكەشی بۆ بەغدا  لە29ی ئەیلولی ساڵی رابردوو رێككەوتین كە بكەوینە گفتوگۆ تا بگەینە چارەسەر و كۆتای كێشەكان.



AM:09:02:13/01/2017