ئەنجومەنی ناوەند پشتیوانی رێكەوتنی یەكێتی‌و پارتی ناكات

ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی سەبارەت بە دەنگۆی رێكەوتنیان لەگەڵ پارتی پەیامێك ئاراستەی بەرپرسانی حیزبەكەی دەكات‌و جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە هەر رێكەوتنێك رەزامەندی ئەنجومەنی لەسەر نەبێت، پشتیوانی لێناكەن.

لە پەیامەكەی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە واژۆی عادل موراد سكرتێری ئەنجومەنەكەی لەسەرە هاتوە "لەكۆبونەوەی هاوبەشی سكرتاریەت و لێپرسراوی كۆمسیۆنەكاندا لە رۆژی 22-1-2017 باس لە پرۆژەی هاوبەش و ئەگەری رێككەوتن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كرا، كە ئەمڕۆ بۆتە باس و خواسی سیاسی و میدیایی و شەقام بەگشتی، لەبەرئەوەی ئێمە وەكو ئەنجومەنی ناوەندی بێئاگاین لەو پرۆژەیە و ئەگەری هەر رێككەوتنێك، بۆیە لە پەیامی ئەنجومەنی ناوەندی ئاگادارتان دەكەینەوە".

بەپێی ئاگاداركردنەوەكە، ئەنجومەنی ناوەندی دوپاتیكردۆتەوە، كە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، هەر رێككەوتنێكی گرنگی پەیوەندیدار بە مەسەلە نەتەوەییە چارەنوسسازەكان و بەرژەوەندی باڵای یەكێتی و هاوپەیمانێتی هەڵبژاردن، كە كۆمیتەی سەركردایەتی بەشێوەیەكی سەرەتایی ئیمزای دەكات، پاش رەزامەندی 2/3ی ئەنجومەنی ناوەندی كاریان پێدەكرێت. دەشڵێت "بەپێچەوانەی ئەو پەیڕەوەوە، ئەگەر لە ئەنجومەنی ناوەندی پەسند نەكرێت، ئەوا پشتیوانی ئەو رێككەوتنە ناكەن".



PM:02:51:25/01/2017