دامەزراندن بۆ 40 هەزار كەس دەكرێت

بڕیارە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێم 40 هەزار كارمەند دابمەزرێنێت.

لەمبارەیەوە هەندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی كوردستان، بە "وشە"ی ڕاگەیاند: بڕیاری دامەزراندنی 513 كارمەندی هەمیشەیی بۆ كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، لە ساڵی 2015 لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دراوە، بەڵام تا ئێستە هەموو ئەم ڕێژەیە بە تەواوی دانەمەزراون، بەڵكو نزیكەی 300 كارمەند دامەزراون.

وتیشی: ئێمە بە پێی پێویستی و بە قۆناغ، ئەو كارمەندانەمان دامەزراندووە لە یەكە كارگێڕییەكاندان، بۆ ئەمساڵیش بە پێی پێویستی لەو ڕێژەیە كارمەند دادەمەزرێنین.

سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ڕوونی دەكاتەوە: وەك كارمەندی گرێبەست، بڕیارە بۆ ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردن تا 40 هەزار كارمەندی گرێبەست لە كاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردندا، لە توێژەكانی مامۆستایان و مافپەروەر و چالاكانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان دابمەزرێنین.

هەندرێن محەمەد ئەوەش دەخاتە ڕوو كە بودجەی هەڵبژاردنی ئەمساڵ 30 ملیۆن دۆلار دەبێت بە پێی خشتەی كار و كڕینی سندووق و  پێداویستییەكانی هەڵبژاردن لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستاندا، بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵ كە دوو هەڵبژاردن پێكەوە ئەنجام دەدرێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان.

لەبارەی چۆنیەتیی خەرجكردنی ئەو پارەیە گوتی: 70%ی ئەو بودجەیە بۆ كارمەندانی گرێبەست دەڕوات كە سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمساڵ دەكەن.



PM:12:48:26/01/2017