نوێترین زانیاریی لەسەر پرۆژەی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران

بەرپرسێكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر زانیاری لەبارەی ئەو پڕۆژەیەوە ئاشكرا دەكات كە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە بۆئەوەی پارەی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران بۆ دانەوەی قەرز بەكاربهێنرێت.

عەلی رەشید سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بەسایتی رەسمی پارتی راگەیاندوە، ئەو پڕۆژەیەی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كراوە، رەوانەی وەزارەتی دارایی كراوەو ئەوان كاری لەسەر دەكەن، چاوەڕوانیش دەكرێت لەماوەی چەند رۆژی داهاتودا وەڵامێك هەبێت.

عەلی رەشید وتیشی، ئەو پڕۆژەیە تایبەتە بەپارەی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران بۆ دانەوەی قەرزی حكومەتی هەرێم هی ئەوە نییە دەستبەجێ وەڵام بدرێتەوە یان نەدرێتەوە، چونكە وردەكاریی زۆری تێدایە، هەڵبەت هەماهەنگی لەنێوان بانكەكان و فەرمانگەكانی تێدایە، ئەوەش پێویستی بەڕاوێژكاریی تایبەت هەیە تا كاری لەسەر بكرێت، بەڵام دەكرێت لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا وەڵامێكی هەبێت.

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر راشیگەیاندوە، ئەو پڕۆژەیەی ئەوان پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانیان كردوە جیاوازە لەو پڕۆژەیەی ئەنجومەنی پارێزگاكان و نوێنەری پارێزگای هەڵەبجە كە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانیان كردوە، ئەو پڕۆژەیە ئێستا لەئەنجومەنی وەزیرانەو لەژێر دیراسەدایە، چونكە هەر دوو پڕۆژەكە تەواوكەری یەكترین.



PM:08:38:06/02/2017