دەبێت لە ماوەی 28 رۆژدا حكومەتی هەرێم 121 ملیۆن دۆلار بدات بە كۆمپانیای دانەغاز

دادگای لەندەن كەیسی نێوان حكومەتی هەرێم‌و كۆمپانیای دانەغازی یەكلایی كردەوە‌و بڕیاریدا بەوە حكومەتی هەرێم بڕی 121 ملیۆن دۆلار بەو كۆمپانیایە بدات.

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز، كۆمپانیای دانە غاز رایگەیاندووە دوێنێ لە دادگایەكی لەندەن كەیسێكی لەدژی حكومەتی هەرێم بردووەتەوە و بەپێی بڕیاری دادگاكەش دەبێت حكومەتی هەرێم 121 ملیۆن دۆلار بداتە كۆمپانیاكە.

كۆمپانیای ئیماراتی دانەغازی ەمڕۆ لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاویكردۆتەوە، ئەو بڕە پارەیەی حكومەتی هەرێم دەبێت پێیان بدات، لە بەرانبەر دەرهێنانی غازی شل و چڕە كە لەماوەی نێوان 30ی حوزەیرانی 2015وە تا 31ی ئازاری 2016 دانە غاز و هاوبەشەكانی لە هەرێم دەریانهێناوە.

ئەوەشی ئاشكراكردوە، دادگاكەی لەندەن هەموو ئەو سكاڵایانەی حكومەتی هەرێمی رەتكردۆتەوە كە گوایە كۆمپانیای ناوبراو بەبێ بوونی هۆكارێكی گونجاو دواكەوتووە لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی.

بڕیارەكەی دادگا كۆتاییە و دەبێت حكومەتی هەرێم لەماوەی 28 رۆژدا ئەو بڕە پارەیە بداتە كۆمپانیای دانە غاز.



PM:02:15:14/02/2017