مەلا بەختیار بەشداری کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی ناکات
روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

پاش کەمێکی تر کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی دەستپیدەکات، مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی بەشداری ناکات و سکرتێری رۆژنامەوانیەکەی روونکردنەوەی بڵاودەکاتەوە.

لەسەر ئەو دەمەقاڵێییەی لە کۆبوونەوەی پێنج شەممەی رابردووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە نێوان مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی و د. نەجمەدین کەریم ئەندامی مەکتەبی سیاسی روویدا، هەندێک سەرچاوەی بەرپرسی نێو یەکێتی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، مەلا بەختیار بەشداری کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرکردایەتیش ناکات.

هەروەها نزیکەی سێ مانگیشە د. بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی ناکات. 

کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ٣/١٣ی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ پەسەندکردنی ئەو نەخشە رێگایەیە کە چەند کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی لەسەر کراوەو پێدەچێت ئەمڕۆ دوا رۆژی ئەو کۆبوونەوانە بێت و ئەو نەخشەیەی یەکێتی دایناوە بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی سیاسی و ئابوری کوردستان پەسەندبکرێت.

بەپێی هەندێک زانیاری کە دەست سپی کەوتووە مەلا بەختیار داوای لیژنەی لێکۆڵینەوەی لە پرسی نەوت کردووە لە نێوا حیزبەکەیدا، هەر دوێنێش لە نووسینگەی رۆژنامەوانی ناوبراوەوە روونکردنەوەیەک بڵاوکرایەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی..

لەكورتە هەڵوێستێكدا سەبارەت بە سزادانی سەرۆكی كۆریای باشور لە پەیجی تایبەتی خۆیدا، بەڕێز مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، هیوای خواستوە، ئەو جۆرە سزایانە، بازرگانانی نەوت‌و گەندەڵكارانی كۆمپانیاكانی كوردستانیش بگرێتەوە، كەناڵی (NRT) دەستبەجێ شەوەكەی پرۆگرامێكی لەسەر قسەكان سازدا. میوانانی بەرنامەكە، چەند جارێك ناوی بەڕێز مەلا بەختیاریان هێنا، گوایە مادام لەناو یەكێتیدا بەرپرسیارە، كەوابێ بۆ بڕیاری سزادان لەدژی گەندەڵكاران نادات.

لەرواڵەتدا ئەم بۆچونە رەوا دێتە بەر گوێ. بەڵام كاتێك وردی دەبیتەوە، لەناو پارتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، مەحاڵە بڕیاردان ئاسان بێ، بەتایبەتی لە بەرامبەر باندە گەورەكان‌و خاوەن بەرژەوەندییە بێشومارەكان. چونكە بەرژەوەندبازەكان تێكەڵاوی هێزو دەسەڵات‌و جارجارە، پاساوی یاساییش (جوان!!!) دەهۆننەوە. بەڵام كەسوكاری شەهیدان و دڵسۆزان ئاگادار دەكەینەوە، كە هەمیشە، بەڕێز مەلا بەختیار لەكۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتیدا، لەسەر دیاردەی جەردەیی‌و ئەوانەی لەپارەی گەندەڵیدا تەرەكیون، هەروەك لە سیاسەت‌و هەڵوێستەكاندا، بۆچونی دیاری هەبووە، لەبەرامبەر جەردەكانیشدا، هەمیشە، هەڵوێستی هەبووەو دەبێ. هیچ فرت و فێڵێكی لاوەكی ژێر بە ژێر و بڕیاری ناشەرعی، بێ هەڵوێست تێ ناپەڕێ بەسەریدا. كە هەڵوێستیش دەردەبڕێ، بێگومان بەڵگەی رەسمی لایە. بڕیاریشی داوە، ئەم كێشانە، تەنها لە چوارچێوەی كۆبونەوە داخراوەكاندا (جارێ!) بهێڵێتەوە. ئەگەر لەكۆبونەوەی رەسمیدا، چارەسەر نەكرا، دوای ئەوە، لە هەلێكی رەخساودا، بڕیار و هەڵوێستەكانی سەبارەت بە كۆمەڵێك راستی هەیە، بۆ رای گشتی گەلەكەمان ئاشكرای دەكات... بە بەڵگەوە!
 12/3/2017



PM:03:07:13/03/2017