بە وێنە.. کچێکی سلێمانی دەبێتە باڕبی کورد

کچێکی خەڵکی سلێمانی خۆی بە باڕبی کورد ناودەبات و دەشڵێت لە گەڵ خۆ ڕووتکردنەوەی کچاندا نییە.

ھەوری غەریب حەسەن لەساڵی ١٩٨٩ لەگەڕەکی توی مەلیکی شاری سلێمانی لەدایکبووە، تا قۆناغی دواناوەندی خوێندووەو ساڵی ٢٠٠٦ لەگەڵ خانەوادەکەی چۆتە دەرەوەی وڵات و ئێستا لەوڵاتی نەرویج ژیان بەسەر دەبات ئەو بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی وتووە زۆرجار بەباڕبی کوردو ئەستێرەو پەپولەو بوکەشوشەو ھەندێک جاریش کچە پەشمەکی دەوترێت، دەشڵێت: "بەوێنەکانم دەمەوێت لەو کلتورە داخراوە دەربچم کەکچانی کورد تێیدان ".
دەقی چاوپێکەوتنەکە

SNN: سەرەتای کاری ھونەریت چۆن بوو؟

ھەوری غەریب: لەساڵی ١٩٩٦ لەمنداڵپارێزی کوردستانەوە دەستم بەکاری ھونەری کرد، بەشداریم لەخولی ھاوینەدا دەکرد، سەرەتا بەگۆرانی وتن بۆ منداڵان کەلەگەڵ مامۆستا سالار عەبدوڵڵاو چەند مامۆستایەک دەستم پێکرد، دواتریش لەگەڵ ھونەرمەندانی تر سرودو لەچەندین بەرھەمی تری ھونەری لەپشتی کامێرا کارم کردووە، لەساڵی ٢٠٠٨یشەوە دابڕاوم لەکاری ھونەری، بەڵام ھەمیشە حەزم لێ بووە وەک کچە کوردێک خۆم نیشان بدەم و لەکاری ھونەریدا دەربکەوم، زۆرجار داوام لێکراوە لەفیلم و دراما بەشداری بکەم بەڵام رەتمکردوونەتەوەو ویستوومە لەبواری گۆرانی وتن زیاتر دەربکەوم، یەکێک لەو گۆرانییەی بیرم ماوە بەناوی ئەستێرەکان بوو.

SNN:بۆچی لەکوردستان گۆرانی تایبەت بەخۆتت تۆمار نەکرد؟

ھەوری غەریب: لەساڵی ٢٠٠٨ لەگەڵ سەفین خەراجیانی و کامەران مستەفا گۆرانییەکی نیشتمانیمان تۆمارکرد، بەڵام تەنھا نەبووم، جگە لەوەش لەچەند کارێکی ھونەری و کلیپ بەشداریم کردووە، بەڵام بەراستگۆیانە بیخەمەڕوو، ناوی ئەو کەسانە ناھێنم کە ھەوڵمدا کاری ھونەری بکەم و ڕێگەیان پێنەدام بەجۆرێک لەجۆرەکان ئیستغلالیان کردم و پێدەچێت جگە لەکاری ھونەری ئامانجی دیکەیان ھەبووبێت لەگەڵمدا، بەڵام وەک خانەوادەکەم ھەمیشە جێگەی شانازیمن و ھەڵۆ غەریب بەکەمانچەکەی ھەمیشە ھاوکارو پاڵپشتمە، بەڵام ئافرەتە ھونەرمەندەکانی ئێمە ژمارەیان کەم بوونەتەوە رەنگە بەھۆی ئیستغلالکردنیانەوە بووبێت و بەشێکیان گەڕابێتنە دواوە لەبواری ھونەری.

SNN: بەرھەمی نوێت چیە؟

ھەوری غەریب: کارێکی نوێم بەدەستەوەیە کە میوزیک و کارەکانی لەلایەن ھەڵۆ غەریبی برامەوە لەستۆدیۆی ((PRO STUDIO شاری سلێمانی تۆمارکراوە، بەنیازیشم لەنەرویژ کاری کلیپی بۆ ئەنجام بدەم، کە کاری کلیپەکەشی لەلایەن ھێرش لاوژەییەوە بۆ کراوە، باس لەخۆشەویستی دەکات بەناوی (لەگەڵما بی)، کە بەیەکەمین کاری ھونەریم دادەنرێت کە بەجوانترین شێوە پێشکەش بەجەماوەرەکەمی دەکەم، بەمزوانەش بڵاودەبێتەوە.

SNN: لەچ بوارێکی تر کاردەکەیت؟

ھەوری غەریب: لەبواری میکیاج و جوانکاری کاردەکەم لەنەرویژ سەنتەرێکی جوانکاری تایبەت بەخۆمم ھەیە، ھەمیشە دەمەوێت کچێکی چالاک بم و نمونەیەکیش بم بۆ کچانی تر کە نەترسن و خۆیان دەربخەن، جگە لەوەش زۆر حەز لەوەرزشکردن دەکەم، بۆچی ئێمە تەماشای کچانی وڵاتانی تر بکەین، بۆچی تەماشای کچانی خۆمان نەکرێت، جگە لەجوانکاریش زۆر حەز بەوێنەگرتن دەکەم و ھەمیشە حەز بەوێنەی سێلفی دەکەم و لەئینستاگرام و فەیسبوکەکەم بڵاویان دەکەمەوە، ئەگەر کچێک تۆزێک لەدەر بێت لەکۆمەڵگەی کوردی زۆر باش ناونابرێت و رەخنەی زۆری لێ دەگیرێت، بەڵام من ھیوادارم ئەوە نەمێنێت وەک چۆن بۆ کوڕانمان ئاساییە بەھەمانشێوە بۆ کچانیش ئاسایی بێت.

SNN: جلی نیمچە روت تا چەند بۆ گۆرانی بێژی کچ مەرجە؟

ھەوری غەریب: جلوبەرگ لەبەرکردن لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕێت، بەڵام منیش وەک کچانی تر جلی ئاسایی لەبەردەکەم و لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ خۆڕوتکردنەوەی کچان نییم، با خۆیان نمایش بکەن بەجۆرێک سەرنجڕاکێش بن و لەگەڵ کلتوری کوردی خۆیان بگونجێنن.

SNN: تا چەند لەئەوروپا ھەست بەجیاوازی کارکردن بۆ بواری ھونەری دەکەیت بەراورد بەکوردستان؟

ھەوری غەریب: لەزۆربەی وڵاتان شوێنێک ھەیە بەناوی (کوور) کە راھێنانی تێدا دەکرێت، بۆ کەسێکی وەکو من کە بەبواری جوانکاریشەوە سەرقاڵم، زۆر بەو باشیە نییە، چونکە جگە لەکاری ھونەری کاری دیکە دەکەم.

SNN: گوێ لەچ گۆرانییەک دەگریت؟

ھەوری غەریب: زۆر عاشقی گۆرانییە کۆنەکانم بەتایبەت عەلی مەردان و ئیبراھیم خەیات، کانی، لەیلا فەریقی شەھێن تاڵەبانی، زۆر حەز بەدەنگیان دەکەم و گۆرانییەکانیان دەڵێمەوە، زۆر سەرسامم بەدەنگی لەیلا فەریقی وەک کچە گۆرانیبێژێکی کورد.

SNN: ئەو کارانەی ئەنجامتداون تاچەند لێیان ڕازیت؟

ھەوری غەریب: لەو کارانەی لەمنداڵی ئەنجاممداون، زۆر لێیان رازیم تا ئێستاش لەزۆربەی کەناڵەکان بڵاودەکرێنەوە، زۆر دڵخۆشم پێیان، بەڵام ھەندێک لەکاری تریش ڕازی نییم، ئێستاش کارەکانم زۆر بەھەستیارییەوە ئەنجام دەدەم و دەمەوێت پشێویان پێوە دیار نەبێت.

SNN: ھاوسەرگیریت ئەنجامداوە؟

ھەوری غەریب: بەڵێ بەڵام پاش ماوەیەک لەیەکتر جیابووینەوە،

SNN:عاشق نەبوویت

ھەوری غەریب: ھیچ کەسێک نییە لەم دونیایە عاشق نەبووبێت، منیش عاشق بووم.

SNN: بیرت لەوە نەکردۆتەوە جارێکی تر عاشق ببیت؟

ھەوری غەریب: نامەوێت عاشق ببمەوە، چونکە عەشق داخی کردم و بێ وەفایم بەرامبەر کرا.

SNN: لەبەرھەمی داھاتووت چیرۆکی عەشقەکەت دەگێڕیتەوە؟

ھەوری غەریب: گۆرانییەکانم دەبێت لەناخی منەوە نزیک دەبن، خۆشەویستی و عەشق منی پەیوەست کردووە بەژیانەوە، لەو گۆرانییەی بڕیارە بەمزوانە بڵاوببێتەوە بەجۆرێکی تر باس لەعەشق و خۆشەویستی دەکەم.

SNN: ھەست ئەکەیت تۆ کچێکی شەرمنیت؟

ھەوری غەریب: بەڵی شەرمنم بەڵام بەو جۆرەش نا، لەگەڵ ئەوەشدا کەسێکی بوێر نییم، ناتوانم ھەموو شتێک بڵێم.

SNN: لەچ شتێکی ژیانت پەشیمانی؟

ھەوری غەریب: لەژیانی یەکەمجارم کە ھەڵمبژاردو ھەستەکەم زۆر ھەڵەبووم.

SNN: چ شتێک زۆر ئازارت دەدات؟

ھەوری غەریب: بێ وەفایی، جگە لەوەش کە لەکوردستانەوە دەگەڕێمەوە بۆ ئەوروپا، لەفرۆکەخانە بێتاقەتییەکی زۆر دامدەگرێت، ناخۆشترین شت لەلام جێھێشتنی وڵاتەکەمە.

SNN: چ شتێک زۆر دڵخۆشت ئەکات؟

ھەوری غەریب: ئەوکاتەی لەناو خێزانەکەمم خۆشترین کاتی ژیانمە.

SNN: تۆ جیاواز لەکچانی تر دەردەکەویت، بەردەوام وێنەی سەرنجڕاکێش بڵاودەکەیتەوە، ئەمە بۆچی؟

ھەوری غەریب: دەمەوێت ئەوە بگەیەنم کە کچێکی کوردم و ناڵێم لەخۆم زۆر رازیم، بەڵام لەبەشی خۆم رازیم، جوانیش بەتەنھا مەرج نییە، لەوڵاتی نەرویژ زۆربەی کەس کە ھاتوون بۆ لام بۆ سەنتەری جوانکاریەکەم، کە پرسیاریان لێکردوم خەڵکی نەرویژم؟، کە وتومە کوردم لایان سەیر بووەو ھەوڵمداوە کوردیان پێ بناسێنم، زۆربەیان لەڕێگەی منەوە کوردستانیان ناسیووە، بەوێنەکانیش دەمەوێت لەو کلتورە داخراوەی کچانی کورد تێیدان دەربچم.

SNN: سەرنج ڕاکێشترین قسە پێت وترابێت چیە؟

ھەوری غەریب: زۆرجار پێم ئەڵین تۆ لەباڕبی دەچیت، خۆشم کەمێک عاشقی باڕبیم و حەز لەبوکی باڕبی دەکەم، ھەندێک کەسیش پێیان وتوم کچی پەشمەکی، کچی پەپولە، بوکەشوشەیان پێ وتووم، بەڵام گرنگ نییە بەلامەوەو خەڵک بەھەر شتێک بیانەوێت دەتوانن بانگم بکەن.

SNN: بەنیازی چیت لەداھاتوودا؟

ھەوری غەریب: دەمەوێت کۆنسێرتێک بۆ پێشمەرگە بکەم، لەکاری ئایندەمدا دەمەوێت بزانم تاچەند خەڵک لەکارەکانم رازی دەبن، ئەگەر جێگەی رەزامەندی وڵات و کلتورەکەمان بوو، بەردەوام دەبم، بەڵام لەئێستادا نازانم چی ڕوودەدات.



PM:11:54:13/03/2017