شەڕی میدیای نێوان مەلا بەختیار و نەجمەدین کەریم بەردەوامە
مەلا بەختیار نەبوایە، نەجمەدین کەریم ناوەندی بڕیاری لە یەکێتی دەردەکرد


شەڕی میدیای نێوان مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی و نەجمەدین کەریم ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەردەوامە، لەدوا لێدواندا مەلا بەختیار دەڵێت" د. نەجمەدین کەریم ساڵێکە دەڵێت: مەلا بەختیار نەبێت ناوەندی بڕیارمان دەردەکرد".

دوای ئەوەی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی د. نەجمەدین کەریم، پارێزگاری كەركوك لە وەڵامی كۆنگرە رۆژنامەگەرییەكەی مەلا بەختیار دا، وتی " كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی گوایە كە كراوون، نەگونجاوە بۆ هەندێك كەس (مەبەستی مەلا بەختیارە) بۆیە كێشە دەنێنەوە". هەروەها وتوشیەتی "ئەوەی ماڵی لە شوشە بێت، بەرد ناهاوێتە ماڵی كەس".

لە وەڵامدا مەلا بەختیار لەرێگای سەرنوسەری رۆژنامەکەی ( چاودێر) ەوە وەڵامی نەجمەدین کەریم دەداتەوە دەڵێت" د. نەجمەدین، قەت ئەم كۆبوونەوانەی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی پێ خۆش نییە. بەڵگەشمان ئەوەیە ساڵێكە لە دانیشتنە تایبەتەكانی خۆیدا پەیتا پەیتا ئەیڵێتەوە كە؛ مەلا بەختیار نەبێ، زۆرینەی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی، ناوەندی بڕیارمان دەرئەكردو گوێشمان نە ئەدایە جیابونەوە. قەت د. نەجمەدین ناتوانێ ئەم قسانە بە درۆ بخاتەوە. ئەوە مەلا بەختیار بوو، پەرۆش بوو جیابونەوە رونەدات‌و سوریش بوو لەسەر سازدانی كۆبونەوەكان".

سەبارەت بە ماڵی مەلا بەختیریاش لە شوووشە بێت، سەرنوسەرەکەی چاودێر کەناوی نەشوان ئەحمەدە دەڵێت" د. نەجمەدین سەرپشك بێ.. هەر بەڵگەیەكی لەسەر گەندەڵی، نەوت فرۆشی، گرێبەستی نهێنی، ئەرزە دابەشكردن‌و فرۆشتن، تاڵان كردن‌و چاوپۆشین لە تاوان، یان هەر كارێكی نەشیاوی لەسەر مەلا بەختیار هەیە، با سەر پشك‌و بێباك بێ، لە باسكردنی. د. نەجمەدین دەبێ بزانێ، لەم سەردەمەدا، ئەوانەی ماڵیان لە شوشەیە، لە چواردەورەوە شەفافن‌و هەموو شتێكیان دیارە، بەڵام ئەوانەی ماڵیان لە باڵاخانەو میوانخانەو ڤێلاخانەو بانقخانەكاندایە، ئەوانەن.. ناتوانن بەرد بهاونە ماڵی خەڵكی تر.. خۆزگە د. نەجمەدین ئەیزانی خەڵكی كەركوك چۆن باسی ئەكەن هەتا كەمێك بێتەوە هۆشی خۆی".

رۆژی ٣/١٠ لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەمەقاڵی لەنێوان مەلا بەختیار و د. نەجمەدین کەریمدا دروستدەبێت، مەلا بەختیار کۆبوونەوەکە جێدەهێڵێت، دواتر لە سەرەتای ئەم هەفتەیشدا، مەلا بەختیار بەشداری کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی نەکرد.



PM:02:11:17/03/2017