تەندروستی سلێمانی: بڕیاری نەناردنی دەرمان لە بەغداوە جێبەجێ ناکرێت

پاش ئەوەی وەزارەتی تەندروستی عێراق، بڕیاریدا بەشە دەرمانی هەرێمی کوردستان ببڕێت، کە ئەمەش دەبووە هۆی کەمی دەرمان و گرانبوونی نرخەکەی لە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانیی ڕایگەیاند عەبادی وتوویەتی کە ئەو بڕیارە جێبەجێ ناکەن.

 د. میران محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانیی بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران قسەی كردووە و ئەو پڕۆسەیە وانابێت، واتە بەشە دەرمانی هەرێم نابڕدرێت.

هەروەها وتوشییەتی ئەگەر دەرمان لەبەغداوە بۆ هەرێم نەنێردرێت، بارودۆخەكە خراپ دەبێت، بەڵام هێندەی زانیارییان هەبێت بڕیاری بڕینی دەرمان جێبەجێ ناكرێت.


ڕوونیشیکردووەتەوە "وەك هەموو شوێنەكانی دیكە بەهۆی قەیرانی داراییەوە كەموكوڕییان هەیە و كۆمپانیاكانیش وەك پێشتر دەرمان ناهێنن، بەڵام بەو شێوەیە نییە، كە خەڵك پەكی كەوتبێت، بەڵكو كۆگاكانی دەرمان پڕن لە دەرمان."

پیشتریش ڕێکەوت حەمە ڕەشید وەزیری تەندروستی هەرێم ڕایگەیاندبوو "دوای ئەو بڕیارەی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی عێراق لەسەر بڕینی بەشە دەرمانی ھەرێم لەلایەن بەغداوە، لەگەڵ وەزیری تەندروستی عێراقدا قسەیان لەسەر كردوە و چاوەڕوانن بڕیارەكە ھەڵبوەشێتەوە".



PM:09:02:18/03/2017