حکومەتی عێراق لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک هەڵوێستی خۆی راگەیاند

وتەبێژی حكومەتی عێراق رایگەیاند، هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر دامودەزگا حكومییەكانی پارێزگای كەركوك، پێچەوانەی یاسا و دستوورە، حكومەتی عێراقیش لەسەر بنەمای دەستوور مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە دەكات.

سەعد حەدیسی، وتەبێژی حكومەتی عێراق بە میدیاكانی راگەیاند "دەستووری عێراق لەمبارەوە روونە و دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵ و ئەنجوومەنی ئەو پارێزگایانەی دیاریكردووە، كە لە چوارچێوەی هەرێمێكدا رێكنەخراون، بەو پێیەی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی تایبەتی هەیە و خاوەنی دەستوور و پەرلەمان و حكومەتە، ئەو پرسە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان، بەڵام لە پارێزگاكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، لەوانەش پارێزگای كەركووك بەپێی دستوور و یاسای ژمارە 36ـی ساڵی 2008 مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت. هیچ دەقێكی دەستووری و یاسای پارێزگاكانیش دەسەڵاتی بە ئەنجوومەنی هیچ پارێزگایەك نەداوە، جگە لە ئاڵای عێراق، هیچ ئاڵایەكی دیكە لەسەر دامودەزگا حكومییەكانی سنووری پارێزگاكە هەڵبكرێت".

حەدیسی هەروەها وتی "لە 14 ساڵی رابردوودا لە هیچ پارێزگایەك پرسێكی لەو جۆرە نەوروژێنراوە و، لە كۆبوونەوەكانی دەستەی باڵای هەماهەنگیی پارێزگاکانی رێكنەخراو لە چوارچێوەی هەرێمێك باسنەكراوە، كە بەشێوەی خول كۆدەبێتەوە و ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكیش ئامادەی دەبێت".

وتیشی "پرسی هەڵكردنی ئاڵای فەرمی تایبەتە بە حكومەتی فیدراڵی و، هیچ ئەنجوومەنێكی پارێزگا ناتوانێ لە سنووری دەسەڵاتی خۆی دەربچێت و، هەنگاوێك بنێت كە بەپێی یاسا و دەستوور لەدەسەڵاتیاندا نەبێت، لەوانەش پرسی هەڵكردنی ئاڵا لەسەر باڵاخانە فەرمییەكانی پارێزگا".



PM:03:07:28/03/2017