سەرۆكایەتی هەرێم لەسەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركوك هەڵوێستی خۆی راگەیاند

لە راگەیەنراوێكدا سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان هەڵوێستی فەرمی خۆی لەبارەی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركوك راگەیاند.

دەقی راگەیەنراوەكە:

هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە شاری كەركووك كارێكی یاسایی و ئاساییە و بابەتێكی نوێ نییە، هەروەكچۆن هەڵكردنی ئاڵای عێراقیش لە كەركووك بابەتێكی یاسایی و ئاساییە. هەر لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە ساڵی 2003 و بە تایبەتیش دوای هاتنی داعش ئاڵای كوردستان لە كەركووك بوونی هەبووە و هەر ئەو ئاڵایەش كەركووكی لە هەڕەشە و پەلاماری تیرۆریستان پاراستووە.

بۆیە پێویست بەوە ناكات ئەم بابەتە زۆر گەورە بكرێت و ببێتە ماددەی ململانێ و لێكترازانی نێوان پێكهاتە و لایەنەكان و هیچ لایەنێكیش نابێ بۆ مەرامی سیاسیی تایبەتی خۆی بەكاری بهێنێت. هەروەكچۆن ئاڵای كوردستان و پێشمەرگە كەركووكیان پاراست، پێویستە فەرهەنگی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی نێوان پێكهاتەكانی كەركووك قووڵتر بكرێت و بپارێزرێت.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

29ـی 3ـی 2017





PM:02:58:29/03/2017