وتەبێژی ئوردوغان: ریفراندۆم کارێکی هەڵەیە

وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا سەبارەت بەو رێفراندۆمەی بارزانی بانگەشەی بۆ دەکات رایگەیاند" بڕوامان وایە ئەو کارە هەنگاوێکی هەڵەدەبێت، بەتایبەتی لەو بارودۆخە لاوازەی کە عێراق پیایدا تێدەپەڕێت، لەوانە شەڕی داعش و جەنگی قەلاچۆکردنی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لەلایەن ئێمەوە".

ئەم لێدوانەی ئیبراهیم قالن لە میانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا هات کە بەشێکی تایبەت کرد بە باشوری کوردستان و لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستانیش لەسەر بیناکانی پارێزگای کەرکوک وتی" ئەو بڕیارەش هەڵە بوو، ئەم هەڵوێستەشمان بە بەرپرسانی پەیوەندیداری هەرێم راگەیاندووە".

وتەبێژەکەی سەرۆکایەتی تورکیا وتیشی" بڕیاری هەڵکردنی ئاڵاکە دەبێتە دروستکردنی بارگرژی نوێی ئەتنی نەک تەنها لە کەرکوک، بەڵکو لە هەموو ناوچەکانی تری عێراقیش، داوا لە بەرپرسانی ئەوێ دەکەین بەزووترین کات لەو بڕیارەیان پەشیمان ببنەوە".

سەبارەت بە کۆتایی هێنانی ئۆپراسیۆنی قەڵغانی فورات لەسوریا، وتەبێژی ئۆردوغان وتی" راوەستان بە مانای ئەوە نایەت کە بەرامبەر مەترسیەکان دەستەوسان دەبین و ئێمە بەردەوامین لە ڕیوشوێنە ئەمنی و سەربازییەکان لە باکوری سوریا".



PM:06:26:31/03/2017