وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو بڵاودەکاتەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە و خشتەیەکی نوێی دابەشکردنی مووچە ڕادەگەیەنێت

بە گوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی باسی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان "لەبەر ئەوەی هێشتا دابەشکردنی مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵ کۆتایی نەهاتووە، کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی 2ی فەرمانبەران ڕانەگەیەندراوە و ”تەنانەت هێشتا وەزارەت و دامەزراوەکان لیستی مووچەی ئەو مانگەشیان ئامادە نەکردووە".

هەر لە هەواڵەکەی ئەو ماڵپەڕەدا هاتووە " لە دوای 10ی ئەم مانگە، وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیاندراوێکدا، وادەی دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت و سەرەتا وەزارەتەکانی (پێشمەرگە و پەروەردە) و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان مووچەیان پێ دەدرێت. گوتیشی: ”مانگی ڕابردوو گلەیی لەوە کرا کە مووچەی ئەو دوو وەزارەتە دواخراوە، بۆیە ئەگەر زۆرە کە ئەم مانگە پێش بخرێن، جگە لەوەی لەگەڵ وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان گفتوگۆ کراوە و لەمەودوا هەموو مانگێک مووچەی کەسوکاری شەهیدان دابەش دەکرێت".

ئەمەش لە کاتێکدا دێت ڕۆژی چواری ئەم مانگە کۆتایی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەران دێت و تا ئێستاش بڕیار لە دەستکاریکردنی مووچەی فەرمانبەران نەدراوە.



PM:03:31:01/04/2017