داوا لە ئەمەریكا دەكرێت رێگری لە گەڕانەوەی كەركوك بۆ سەر هەرێم بكات

پەرلەمانتارێكی پێكهاتەی توركمانی داوا لە نەتەوە یەكگرتوەكان‌و عێراق‌و سعودیە‌و ئێران‌و توركیا‌و ئەمەریكا دەكات رێگری لە گەڕانەوەی كەركوك بۆ سەر هەرێمی كوردستان بكەن.

جاسم محەمەد، پەرلەمانتاری پێكهاتەی توركمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە باڵەخانەی پەرلەمان ڕایگەیاند، كە دەستەی سیاسی لە پەرلەمان هەوڵی هێوركردنەوەی دۆخەكە دەدات دوای بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ هەڵكردنی ئاڵای عیراق بە تەنها لە كەركوك.
ڕاشیگەیاند، نامەیەكیان پێ گەیشتووە، كە كوردەكانی ناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەنیازن سبەینێ دوو بڕیاری دیكە بدەن، یەكەمیان بۆ ڕەتكردنەوەی بڕیارەكەی پەرلەمانی عیراق سەبارەت بە ئاڵای كوردستان و دووەمیان بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی لە پارێزگای كەركوك.

ئەو پەرلەمانتارە پێشی وایە "بڕیاری یەكەم زۆر گرنگ نییە" و وەك خۆی دەڵێت: "مەترسییەكە بڕیاری دووەم بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی، كە كێشەكان ئاڵۆزتر دەكات، ئێمەش وەك عەرەب و توركمان دژی دەوەستینەوە".

ئەو پەرلەمانتارە توركمان داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان و حكومەتی عیراق و سعودیە و ئێران و توركیا و ئەمریكا دەكات ڕێگری لەو كارە بكەن.



PM:04:10:03/04/2017