مەلا بەختیار چارەنووسی خۆی دیاریکرد

بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، مەلا بەختیار مانەوەی خۆی لە ریزی یەکێتی دا بەستووە بەو نامەیەی ئاراستەی سەرکردایەتی حیزبەکەی کردووە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەری لەگەڵ محەمەدی حاجی مەحمود سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێـتی ڕایگەیاند، نامەیەکی شەش خاڵیم داوەتە یەکێـتی و مانەوەشم لەو حزبەدا بەستراوە بە جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەوە.

مەلابەختیار سەبارەت بە هۆکاری بەشداری نەکردنی لە دوو دانیشتنی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا ڕایگەیاند، من پەیامم داوە بە مەکتەبی سیاسی و ئەوانیش بە ڕوونی وەڵامیان داومەتەوە.

بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێـتی ئەوەشی لە درێژەی قسەکانیدا وتی "پەیامەکەم لە مەکتەبی سیاسی خوێندراوەتەوە کە ٦ خاڵم پێشنیاز کردووە بۆ بوژاندنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێـتی و پلە بەندی  و گێڕانەوەی شکۆ بۆ ئۆرگانەکانی یەکێـتی و ڕێگرتن لە هەموو پڕۆژەیەکی ئابوری ناشەرعی لە کوردستاندا".

ئەوەشی وت "ئەوانیش بە پۆزەتیڤ وەڵامیان داومەتەوە بەڵام من ئەگەر بچمەوە دانیشتنەکانی مەکتەبی سیاسی داکۆکی لەو خاڵانە دەکەم".

مەلا بەختیار ئەوەشی خستووەتە ڕوو، چارەنوسی من لە ناو یەکـێتی بەستراوە بەوەی کە تا چەند ئەو خاڵانە جێبەجێدەکرێت چونکە سەرجەم خاڵەکان بۆ بەرژەوەندی خۆم نیە و بەرژوەندی گشتییە.

مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێری نەچۆتە چەند کۆبوونەوەیەکی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی، جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی لە نامەکەدا نووسیوویەتی کردووە بە مەرج بۆ گەڕانەوەی، پێشتریش د. بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی بەهەمان رێگادا رۆشت و وا ماوەی نزیکەی شەش مانگە بەشداری کۆبوونەوەی سەرکردایەتی ناکات.



PM:09:09:06/04/2017