حکومەتی هەرێم: هێرشە کیمیاویەکەی سەر ئیدلب، برینەکانی هەشتاکانی کوردستانمان بیردەخاتەوە

حکومەتی هەرێم لەسەر هێرشی کیمیاوی بۆ سەر شاری ئیدلیب و مووشەکبارانی ئەمەریکا بۆ سەر سوریا هاتە دەنگ و رایگەیاند"  چەکی کیمیایی لە دژی خەڵکی سڤیلی شاری ئیدلب بەکار ھێنرا، ئەم تاوانە ھەموو ئەو برینانەی بەبیر ئێمە ھێنایەوە کە لە کۆتایی ھەشتاکانی ڕابردوو بەرامبەر بە گەلی کوردستان ئەنجام درا".

دەقی راگەیاندنی حکومەتی هەرێم:

گەلی کوردستان نەھامەتییەکی زۆری بەدەست ڕژێمی بەعسی ڕووخاوەوە بینیوە و یەکێک لە نەھامەتییە ھەرە گەورەکانیش، کارەساتی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە بوو کە لە چەند چرکەیەکدا پێنج ھەزار کەسی کردە قوربانی.


گەر ئەو کات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگییان ھەڵنەبژاردبا و ھەنگاوی پێویستیان بگرتبایەتە بەر، دەکرا ببوایە ھۆکارێک تا ئەم جۆرە تاوانە نامرۆڤانانە دووبارە نەبنەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بینیمان لە سووریا چەکی کیمیایی لە دژی خەڵکی سڤیلی شاری ئیدلب بەکار ھێنرا، ئەم تاوانە ھەموو ئەو برینانەی بەبیر ئێمە ھێنایەوە کە لە کۆتایی ھەشتاکانی ڕابردوو بەرامبەر بە گەلی کوردستان ئەنجام درا.

بە توندی ئـەو تاوانە ئـیدانە دەکەین و ھاوخەمی و ھاوسۆزیی خۆمان بۆ کەسوکاری قوربانیانی ئەو کردەوە نامرۆڤانەیە دەردەبڕین.
 
پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگریکردن لە دووبارە‌بوونەوەی ئەو تاوانانە، ھەڵوەستەیەکی جددی بکات و ھیوادارین ئەو ھەنگاوەی بۆ ڕێگرتن و وەڵامدانەوەی ئەو جۆرە کردەوە نامرۆڤانە لەلایەن ھێزەکانی ئەمەریکاوە نراوە، ببێتە ھۆکارێک تاکوو تاوانی لەو جۆرە دووبارە نەبێتەوە و لە ھەمان کاتیشدا بە جددی ھەوڵ بدرێت ڕێگەچارەیەکی بنەڕەتی بۆ ئەو ئاڵۆزی و بارودۆخە ناھەموارەی کە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە، بدۆزرێتەوە.

ئـەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان
7/4/2017



PM:08:59:07/04/2017