دوای هێرشکردنە سەر ئێزیدیەکان
مەلایەکی سلێمانی هێرشدەکاتە سەر سەیرانکردنی رۆژانی هەینی

مەلایەکی مزگەوتێکی سلێمانی کە ماوەیەک لەمەوبەر هێرشی توندی کردە سەر ئێزیدیەکان، لە وتاری دوێنی هەینیدا هێرشدەکاتە سەر سەیرانکەرانی رۆژی هەینی بە حەرامی دەزانێت. 

مامۆستا حەمدون، پێش نوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس لە سلێمانی لەمیانی وتاری هەینی ئەمڕۆ 7/4/2017 ڕایگەیاند " چوونە دەرەوە لە بەهار و بینیی بوژاندنەوەی ژیان جارێكی دیكە لە دوای مردن و فەوتانی پەرستشە، بەڵام نابێت واجبێكی گەورە لەدەست خۆمان بدەین".

ئەو مەلایە کە ماوەیەک لەمەوبەر هێرشی توندی کردە سەر ئێزیدیەکان، دوێنێ لە وتارە نوێکەیدا وتی "بە پێی فەرموودەی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) سەفەر كردن و گەشتكردن لە ڕۆژی هەینی حەرامە و قەدەغە كراوە، لە ئیسلامدا ئەگەر ببێتە هۆی ڕێگری كردن لە بەجێ گەیاندنی پڕۆسەی نوێژی هەینی و چوونە جومعە".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتیشی "هەندێ كەس، كە سەیرانەكەیان دەخەنە ڕۆژی هەینیەوە، نوێژی هەینی لەو دەشتە دەكەن بە جەماعەت، ئەمە لە ئیسلام و فیقهی ئیسلامی ڕێگە پێدراو نییە، چونكە مەڕاسیمی نوێژی هەینی دەبێت لە شوێنێك بێت، كە ئاوەدانی تێدا بێت وەك شار و گوندەكان، بەدەر لەوە ئەو نوێژە لەسەیرانگاكان دەكرێت بە جەماعەت وەك نوێژی هەینی دروست نیە".

لەمیانی وتارەكەیدا ئەو مامۆستا ئایینیە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، دوای سێ جار بەبێ بەهانەی ڕێگەپێدراوی شەرعی، هەر ئیماندارێك بەشداری مەڕاسمی نوێژی هەینی نەكرد، لە ئیسلامدا بە دووڕوو (منافق) ناودەبرێت و پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) بە چەند فەرموودە تەئكیدی لەسەر ئەوە كردۆتەوە.

لەمانگی رابردوودا هەما مەلا هێرشێکی توندی کردە سەر ئێزیدیەکان و وتی" زۆرینەی هاوڵاتیانی كوردستان موسڵمانن و تووشی چەندین چەرمەسەری دەبنەوە‌و كەسیش فریایان ناكەوێ، بەڵام لەبەر خاتری ئەو كەسانە خەریكە (أعوژ بالله من الشیگان الرجیم)یش لە پێش خوێندنی قورئانی پیرۆزەوە لێدەكەنەوە، چونكە ئەوان پێیان ناخۆشە".

مەلا کەریمی مودەریس کە ناسراوە بەمامۆستایەکی ئاینی رۆشنفیکرو ئەدەب دۆستی شاری سلێمانی، وتاربێژێک هێرشدەکاتە سەر کەمە ئاینییەک کە تا ئێستا ٥٠٠٠ هەزار هاوڵاتیان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بێ سەرو شوێنن.



AM:09:29:08/04/2017