ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی هێرشێکی توندە دەکاتە سەر شاندەکەی بەغدا

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هێرشێکی توند دەکاتە سەر شاندەکەی پارتی و یەکێتی بۆ بەغدادو دەڵێت " هاتنی ئەو شاندە بۆ مایە پوچکردنی نوێنەرایەتی راستەقینە و سوککردنی شەرعیەت ھەر وەکو دامودەزگا کوردستانیەکانی تر".

لە تٶری کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئارێز عەبدوڵا لە پۆستێکدا بەناونیشانی " مایە پووچ کردنی دەزگا نیشتیمانی و سوککردنی شەرعیەت!" نووسیوویەتی " لە رۆژانی ڕابردوو شاندێک سەردانی بەغدای کرد، رێزم بۆ ئەو برادەرە خۆشەویستانەی ئەندامانی شاندەکە ھەیە و ھیوادارم شتێکیان بەدەست ھێنابێ. لە ھەرێمی کوردستان پەرلەمانەکەمان پەکخراوەو سەرۆکایەتی ھەرێم ماوەی بەسەر چووە و حکومەت بێ چەندین وەزیرە و شاندێکی حزبیش بەناوی گەلی کوردستانەوە سەردانی بەغدا دەکا!".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی لە درێژەی نووسینەکەیدا " ئەوە لە کاتێکدا کە یەکێتی و پارتی دوو فراکسیۆنی گەورەیان لە پەرلەمانی عێراق ھەیە و ئەوان و فراکسیۆنە کوردستانیەکانی تریش نوێنەرایەتی راستەقینەی خەڵکی کوردستان دەکەن، بەڵام سەیرە شاندێک بەبێ بەشداری و ئاگاداری فراکسیۆنەکان سەردانی بەغدا دەکا کە دەبوو لانی کەم فراکسیۆنەکان لە ئامانج و کارنامەی شاندەکە ئاگادار و سەرۆک فراکسیۆنەکانیش ئەندام بان. بەداخەوە مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی بەحکومەت و لایەنە سیاسیەکانی عێراقیان نیشاندا کە وەزیر و نوێنەرانی خەڵکی کوردستان لە بەغدا ھیچ بایەخ و نرخێکیان نییە، ئەوەش تەنیا بۆ بۆ مایە پوچکردنی نوێنەرایەتی راستەقینە و سوککردنی شەرعیەت ھەر وەکو دامودەزگا کوردستانیەکانی تر".

هەفتەی رابردوو وەفدێکی پارتی و یەکێتی بە بەشداری سەرۆکایەتی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم سەردانی بەغدایان کردو لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک وەزیرانی عێراق و چەندان بەرپرسی تری عێراقی کۆبوونەوە.



AM:11:48:08/04/2017