ژمارەیەك رۆژنامەنوسو روناكبیر ئیدانەی هێرشكردنەسەر فەرهاد پیرباڵ دەكەن
لە نوسراوێكدا ژمارەیەك رۆژنامەنوسو روناكبیری ناسراو ئیدانەی هێرشكردنەسەر فەرهاد پیرباڵ دەكەنو داوای بەسزاگەیاندنی هێرشبەران دەكەن.
لە راگەیەنراوەكەدا كە وێنەیەكی بۆ سپی نێردراوە هاتووە "ئێمە لەڕێگای ئەم نووسراوەوە دەمانەوێت بۆ جاری ھەزارەھەم پێتان بڵێین: ئەوە ئێوەن ئەو کەسانەتان نە فێری رێزگرتنی یاسا کردووەو نەفێری ریزگرتنی ئینسان، تاکە شتیک فێرتان کردوون ئەوەیە لە پێناوی خۆتانو بنەماڵەو سیاسەتە ناشرینەکانتاندا، پەلاماری هەموو شتێک بدەن کە بۆنی مەترسیی لێ بێتو دەستکراوە بن بۆ هەموو جۆرە ئیھانەو سووکایەتییەکردنێک بە مرۆڤو مافەکانی".
دەقی راگەیەنراوەكە:
ئێمە هیچ چاوەڕوانییەکمان لە ئێوە نەماوە
بەرگریکردن لە مافو کەرامەتی مرۆڤو بەرگریکردن لە ئازادیی ڕادەربڕین ئاکاری پیشەی ئێمەیە. ئەوە کاری ئێمەیە بە ھەموو جیاوازییو ناکۆکییەکانیشمانەوە بەرامبەر ھەموو شێوازەکانی سوکایەتیکردن بە نووسەرانو میدیاکارانو ھونەرمەندان بێدەنگ نەبین. ئەرکی ئێمەیە لە ھەموو کردە نایاساییو نامرۆڤانەکانی دەسەڵاتداران بەرامبەر بە ھاوڵاتیانی ئێمە بێدەنگ نەبینو پێتان بڵێین: ھەر حکومڕانییەک بەتەنگ لانی ھەرە کەمی کەرامەتی ھاونیشتیمانییەکانیەوە بێت، یان بۆ تەنھا ساتێکیش لە خەمی مرۆڤبوونی ھاوڵاتیانیدا بێت، بە عەقڵییەتی شەقاوەو بەڵتەجیو سەرسەرییەکان بەڕێوەنابرێت.
ساڵانێکی درێژە دەسەڵاتدارانی ھەرێم ئەم کولتووری بێنرخکردنە ناشیرینەی مرۆڤیان ھێناوەتە ناو سیاسەتەوە. سیاسەتیان کورتکردۆتەوە بۆ رستێک لە سوکایەتیکردنی بەردەوام بەرامبەر بە مرۆڤو بە کۆمەڵگا. کێیان بەدڵ نەبێت، دەیگرنو شاربەدەریدەکەنو کێشیان ویست دەیکەن بە سەرکردەو پاڵەوان، با دزو گەندەڵیش بێت. تاقە زمانێکیش حیزبە دەسەڵاتدارەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ قسەکردن لەگەڵ نووسەرانو رۆژنامەنووسانو ڕۆشنبیرانی رەخنەگردا دایانھێنابێت، یان زمانی ھەڕەشەو سکاڵابارانکردنە، یاخود زمانی گرتنی نایاساییو ڕفاندنو ئەشکەنجەدانو کوشتنی بەئەنقەستی ھەموو ئەوانەیە کە ناتوانن بە پارەو ئیمتیاز ڕامیان بکەنو بیانخەنە ناو گەمە ناشیرینەکانی دەسەڵاتدارێتییەکەیانەوە.
لەمڕۆشداو لەناوجەرگەی پایتەختی ھەرێمدا، چەند بەڵتەجییەکی چەکدار ھێرشدەکەنە سەر نووسەرێکی شارەکەو بە بەرچاوی ھەمووانەوە بە کڵاشینکۆفو دەمانچە لێیدەدەنو کەرامەتی دەشکێنن. ئەم ھێرشو سوکایەتیکردنە بە فەرھاد پیرباڵ درێژەدانە بەو کولتووری تیرۆرکردنە جەستەییو مەعنەوییەی نووسەران، کە بووە بە یەکێک لە مارکەکانی ناسینەوەی حوکمڕانییەکەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پایتەختەکەی ھەرێمدا.
ئێمە لەڕێگای ئەم نووسراوەوە داوای سزادانی بەرپرسیارانی ئەم کارە قێزەونە لە ھیچ سیاسەتمەدارو حیزبێک ناکەین، چونکە ئەو راستییە باش دەزانین ئەوانەی ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە رۆبۆتە پەورەردەکراوەکانی خۆیاننو بە ئەمری خۆشیان کارە قێزەونەکانیان پێ ئەنجامدەدەن. دەزانین لە پشتی شەقو بۆکسەکانی ئەو شەقاوانەوە ئەمرو نەھییەکانی ئەوان ئامادەیە.
ئێمە لەڕێگای ئەم نووسراوەوە دەمانەوێت بۆ جاری ھەزارەھەم پێتان بڵێین: ئەوە ئێوەن ئەو کەسانەتان نە فێری رێزگرتنی یاسا کردووەو نەفێری ریزگرتنی ئینسان، تاکە شتیک فێرتان کردوون ئەوەیە لە پێناوی خۆتانو بنەماڵەو سیاسەتە ناشرینەکانتاندا، پەلاماری هەموو شتێک بدەن کە بۆنی مەترسیی لێ بێتو دەستکراوە بن بۆ هەموو جۆرە ئیھانەو سووکایەتییەکردنێک بە مرۆڤو مافەکانی. لەبەرئەوە هیچ چاوەڕوانییەکمان لە ئێوە نەماوە، چاوەڕوانی کاری خراپترو بەدتر نەبێت. ئێمە دەمانەوێت لە ڕیگای ئەم نووسراوەوە پێتان بڵێین کە ئێمە زۆر تووڕەین، تووڕەین لەوەی ئێوە سیاسەتتان سەرسەرییکردو دەرتانھێنا لەھەموو رەھەندێکی ئینسانییو نیشتیمانییو عەقلانیی. ئێمە توڕەین لە سیاسەتو ھەڵسوکەوتتان بەرامبەر بە میللەتەکەمان، بەرامبەر بە تاکو گروپەکانی ئەم کۆمەڵگایە، بەرامبەر بە ژنانو پیاوانو منداڵانی ئەم وڵاتەو بەرامبەر بەو مۆدێلی دەوڵەتەی کە بە ریفراندۆمەکەتان دەتانەوێت دروستیبکەن. ئێمە توڕەین لە ھەڵسوکەوتە بەڵتەجییەکانتان بەرامبەر بە رۆشنبیرانو نووسەرانو رۆژنامەنووسانی ئەم ھەرێمە، لە شکاندنی شکۆی ئینسانی ئێمەو بەزاندنی ھەموو سنوورە ئینسانییەکانو نوقمبوونتان لەناو زەلکاوی سەدان شێوازی بەدکارییدا.
ئەم نووسراوەمان تەنھا بۆئەوەیە پێتان بڵێین ئێوە ناتوانن ئێمە بکەن بە مەڕ، ھەروەکو چۆن لای چەندین نووسەر ومیدیاکار سەرکەوتووبوون. ئێوە لەئێستادا یەکێکن لە ناشرینترینو بێفەڕترینو تەنھاترین دەسەڵاتدارانی جیھان، کە چیدی لە ھیچ بۆنەو شوێنێکدا وێنەو کردە ھەمەجییەکانتان ماکیاجناکرێن. ماسکێک نەماوە بتوانێت ڕوخسارە ناشیرینەکەتان بشارێتەوەو پەردەیەک نەماوە بەدکارییو دڕەندەییو گەندەڵییەکانتان داپۆشێت.
رەووف بێگەرد
مەریوان وریا قانیع
چۆمان هەردی
دلاوەر قەرەداخی
ئاراس فەتاح
شوان محەمەد
رێبین ھەردی
هیوا فایەق
هیوا قادر
ئارام عەلی
ئاسۆس ھەردی
سەردار محەمەد
تێبینی: هەر بەڕێزێک پشتیوانی لەم بۆچوونە دەکات، دەتوانێ لەسەر "فەیس بووک"ی خۆی شێری بکاو ناوی خۆی بخاتەسەر.
AM:11:50:13/04/2017