ئاسۆس هەردی: دەنگی نەخێر لە باكور سەردەكەوێت

هەمواری دەستوری توركیا سیستمی سیاسی لە پەرلەمانیەوە دەگۆڕێت بۆ سەرۆكایەتی و چاودێرێكی سیاسیش پێیوایە سەرەڕای گوشارە زۆرەكان دەنگی نەخێر لەباكوری كوردستان سەردەكەوێت.

سبەی یەكشەمە بەرواری 16ی نیسان ڕاپرسی بۆ هەمواری دەستوری توركیا بەڕێوەدەچێت و دیارترین خاڵی هەموارەكەش گۆڕینی سیستمی حوكمڕانیە لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆكایەتی.
 ئاسۆس هەردی، چاودێری سیاسی و شارەزا لە كاروباری توركیا سەبارەت بە ئەنجامەكان پێیوایە ڕكابەرایەتیەكە زۆر نزیكە و ئەگەر بەڵێ یا نەخێر سەركەوێت جیاوازیەكە بە ڕێژەیەكی كەم دەبێت.

هەڵبژاردن بۆ هەمواری دەستووری توركیا لە كاتێكدا بەڕێوە دەچێت، كە حكومەتی توركیا باری نائاسایی ڕاگەیاندووە و ئەوەش نیگەرانیی چاودێران ویەكێتیی ئەوروپای لێكەوتووەتەوە و كۆمسیۆنی چاودێریی دەستوور لە یەكێتیی ئەوروپا لە دوایین ڕاپۆرتیدا لەبارەی توركیاوە ڕایگەیاندبوو، توركیا بەرەو دەسەڵاتی تاكە كەسی دەڕوات و داواشی كردبوو ڕاپرسی بۆ هەمواری دەستوور دوابخرێت.

سەبارەت بە ڕای هاوڵاتیانی باكوری كوردستان لە ڕاپرسیەكەدا ئاسۆس هەردی بە (سپی) ڕاگەیاند "سەرەڕای گوشارە زۆرەكان و دەستگیركردنی ئەندامانی هەدەپە، بەڵام بێگومان دەنگی نەخێر لە باكوری كوردستان زۆرترینە".





ئه‌م بابه‌ته 834 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:59:15/04/2017