چاڤی لاند: شاناز ئیبراهیم ئەحمەد زیاتر لە 7 هەزار مەتر زەوی داگیركردوە

سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕی چاڤی لاند ڕایگەیاند، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد زیاتر لە ٧ هەزار مەتر زەوی داگیرکردووە.

دانا حەسەن، سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێری چاڤی لاند ئەمڕۆ چوارشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند "ئەو هێزەی کە فشار لە ئێمە دەکات بۆ ڕاگرتنی پڕۆژە نوێیەکەی چاڤی لاند هیچ نوسراوێکی یاسایی پێ نییە و هەر ڕۆژە و بە بیانوویەک دەیانەوێت کارەکان ڕابگرین".

وتیشی "لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە مۆڵەتمان پێدراوە بۆ درووستکردنی ڤێلاکە، بۆیە بەڵگەی یاساییمان هەیە بۆ پڕۆژەکە و لەکارکردن بەردەوام دەبین".

دانا حەسەن ئاماژەی بەوەشکرد " زیاتر لە حەوت هەزار مەتری چاڤی لاند لەلایەن پڕۆژەی شاری دایکەوە دەستی بەسەردا گیراوە و کراوە بە پڕۆژە، کە هی شاناز ئیبراهیم ئەحمەدە و ئێستا دەڵێن پێویستە ئەو حەوت هەزار مەترەیان بەنرخێکی ڕەمزی پێ بفرۆشین".

وتیشی "ئەو حەوت هەزار مەترەی کەوتووەتە ناو پڕۆژەکەی ئەوانەوە هی تەنها کەسێک نییە و چاڤی لاند ناتوانێت بڕیاری لەسەر بدات چونکە ئەوە موڵکی خاوەن پشکەکانیشە".

ماوەی چەند هەفتەیەکە کۆمپانیای چاڤی گەشتیاری سەرقاڵی پرۆژەیەکە کە بە پرۆژەی ڤێلای شاهانە ناودەبرێت و بەشێکە لە پرۆژە گەشتیاریەکانی کۆمپانیای چاڤی. بەڵام شارەوانی سلێمانی بە بیانوی جیاواز ڕێگری لە پرۆژەکە دەکات.

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی ٦ی نیسانی ٢٠١٧ کۆمەڵێک چەکدار بەناوی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد چوونەسەر چاڤیلاند و بە بیانووی زیادەڕۆیی دەستیان گرت بەسەر کۆمەڵێک ئوتومبێلی بیناسازی کۆمپانیاکەدا کە خەریکی کارکردنبوون لەنێو پرۆژەکانی چاڤیلانددا.



PM:03:26:19/04/2017