ئەمریکا پێشنیازی دانوستان لەگەڵ کۆریای باکوور دەکات

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رێکس تیلەرسن، داوای زیادکردنی گوشاری ئابووری و دیبلۆماتیکی بۆ سەر کۆریای باکوور کرد و پێشنیازی دانوستانیش دەکات لەگەڵ ئەو وڵاتە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند"لە دژی ھەر کارێکی تێکدەرانە، سەرجەم بژاردەکان لەسەر مێزی گفتوگۆدان بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیشەوە. بەڵام ئێمە ئارەزووی دۆزینەوەی چارەسەرێکین لەسەر بنەمای دانوستان".


رێکس تیلەرسن رایگەیاند سەرجەم  ئەو ھەوڵە دیبلۆماتیکییە نیازپاکانەی کە لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابڕدوو بەمەبەستی راگرتنی پرۆگرامی ناوەکی کۆریای باکوور ئەنجام دراون، سەرکەوتوو نەبوون. ئەوەشی خستەڕوو کە ھەر تاقیکردنەوەیەکی ئەتۆمی کۆریای باکوور، سەقامگیری باکووری رۆژھەڵاتی ئاسیا تێکدەدات و بارگژی لە ناوچەکەدا زیاد دەکات.


وتیشی : "ئێستا ئەگەر جیھان لە بەرامبەر بەپەلەترین کێشەی ئاسایش نەھێنە سەر خەت ئەوا لەوانەیە ئەنجامەکەی کارەساتبار بێت".

ڕوونیشی کردەوە "ئیتر کاتی ئەوە ھاتووە کە گوشار بخرێتە سەر کۆریای باکوور بۆ ئەوەی لەم رێگا مەترسیدارە بگەڕێتەوە. بانگھێشتی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکەم کە لەبارەی کۆریای باکوور بھێنە سەر خەت. پێویستە بۆچوونێکی دیکە دیاری بکەین و گوشاری دیبلۆماتیکی و ئابووری بۆ سەر ئەو وڵاتە زیاد بکەین".



PM:10:56:28/04/2017