بەهۆی هەڵەیەكی پزیشكیەوە، نەخۆشخانەیەك داخرا

بەهۆی ئەوەی بە هەڵە كانوێلا بۆ ژنێك دانراوە نەخۆشخانەیەك لە كەركوك دادەخرێت و سەندیكای پزیشكانیش دەستخۆشی لە بڕیارەكە دەكات.
بەهۆی ڕوودانی هەڵەیەكی پزیشكیەوە نەخۆشخانەی (دار ئەلحیكمە) بە بڕیاری ئیدارەی پارێزگای كەركووك داخرا، سەرۆكی سەندیكای پزیشكانی كوردستان لقی كەركوك دەڵێت "وەكو سەندیكا لەگەڵ ئەو بڕیارەداین، چونكە هەر كەسێك هەڵەیەكی كرد پێویستە سزای خۆی وەربگرێت، داخستنی نەخۆشخانەكەش تاوەكو هەینی داهاتوو دەبێت".
د.زاهیر مەندەلاوی، سەرۆكی سەندیكای پزیشكانی كوردستان لقی كەركووك، بە "رووداو"ی وتوە "داخستنی ئەو نەخۆشخانەیە بە بڕیاری ئیدارەی پارێزگای كەركووك بووە و لەو نەخۆشخانەیەدا نەخۆشێك بە هەڵە كانیولای بۆ دانرابوو كە كێشەی بۆ دەستی ژنەكە دروستكردوە".
سەرۆكی سەندیكای پزیشكانی كوردستان لقی كەركووك، ئاشكرای كرد ئەوە یەكەمجار نییە ئەو نەخۆشخانەیە هەڵەی تێدا رووبدات ڕایگەیاند "لەپێناو دووبارە نەبوونەوەی ئەو هەڵانە ئەم جۆرە سزایانە شتێكی زۆرباشە".
پزیشكێكی نەخۆشخانەی (دار ئەلحیكمە)ی تایبەت كە ئامادە نەبووە ناوی خۆی ئاشكرا بكات بە ڕووداوی ڕاگەیاندوە "ئەو پەرستارەی بەهەڵە كانیولاكەی بۆ ئەو نەخۆشە داناوە زیاتر لە 20ساڵ ئەزموونی كاركردنی هەبووە، بە بڕیاری ئیدارەی نەخۆشخانەكە ئەو پەرستارە لە كارەكەی دەركراوە ‌و  بڕیاریشدراوە خەرجی چاكبوونەوەی ئەو ئافرەتەی كێشە بۆ دەستی دروست بووە لەسەر نەخۆشخانەكە بێت".
هەفتەی ڕابردوو نۆزان سەلاحەدینی تەمەن 22 ساڵ كە دانیشتووی قەزای دووبزی كەركووكە، دوای ئەوەی بۆ نەشتەرگەری منداڵبوون دەچێتە نەخۆشخانەی (دار ئەلحیكمە)ی تایبەت لە كەركووك، پاش نەشتەرگەری لەلایەن پەرستارێكەوە بەهەڵە كانیولای بۆ دادەنرێ‌ و بەو هۆیەشەوە كێشە بۆ دەستی دروستبوو.



PM:12:48:29/04/2017