ئەمریكا لە سنوری ڕۆژئاوای كوردستان هێزی بڵاوكردەوە

سوپای ئەمریكا لەسەر سنوری توركیا-سوریا هێزی بڵاوكردەوە و بەرپرسێكی (یەپەگە)ش ئاشكرای دەكات ئەو جموجۆڵە بۆ ڕێگریكردنە لە لەشكركێشی سوپای توركیا بۆ ڕۆژئاوای كوردستان.
پاش‌ هێرشەكانی‌ توركیا بۆ چەند ناوچەیەك لە ڕۆژئاوای كوردستان كە بەهۆیەوە ژمارەیەك شەڕڤان شەهید و بریندار بوون و زیانێكی زۆر بەر ئەو ناوچانە كەوت، سوپای‌ ئەمریكا لەسەر سنوری توركیا و سوریا هێزی‌ بڵاوكردەوە و وەزارەتی‌ بەرگری‌ ئەمریكا "پنتاگۆن" لە رێی‌ وتەبێژەكەی‌ رایگەیاند "هێزەكانی‌ ئەمریكا لە تەواوی‌ ناوچەكانی‌ باكووری‌ سوریا بڵاوبوونەتەوە و لەگەڵ‌ هێزەكانی‌ سوریای‌ دیموكرات كاردەكەن".
جیف دیڤیس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا داوای‌ لە لایەنە ناكۆكەكانیش كرد جەخت لە دوژمنی‌ هاوبەش بكەنەوە كە داعشە و ئاماژەی‌ بەوەدا كە وڵاتەكەی‌ چاوەڕوانە هاوبەشەكانی‌ لە هێزەكانی‌ سوریای‌ دیموكراتی‌ چاو بخەنە سەر رەقە و تەبقە و و نەكەونە ململانێ‌ لە ناوچەكانی‌ تر.
لەلایەكیترەوە شەڕڤان كۆبانێ، كە یەكێكە لە فەرماندە سەربازیەكانی یەپەگە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندوە "لە شاری درباسیە لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانی سوپای ئەمریكا كۆبووینەتەوە بۆ هاوكاریكردنمان لە پاراستنی سنورەكانمان لەگەڵ توركیا".
هاوكات رێكخراوی‌ روانگەی‌ سوری‌ بۆ مافەكانی‌ مرۆڤ هەواڵەكەی پشتڕاست كردەوە و ڕایگەیاند "زرێپۆشەكانی سوپای‌ ئەمریكا لە ناوچە سنوریەكانی سوریا و توركیادا بڵاوبوونەتەوە."
بەپێی ئەو وێنە و دیمەنە ڤیدیۆییانەی بڵاوكراونەتەوە زرێپۆشە ئەمریكیەكان لەسەر ڕێگەی دەرباسیەن كە تەنها چەند سەد مەترێك لە سنوری توركیاوە دوورە.
ئەم جمووجوڵەی‌ سوپای‌ ئەمریكا چەند رۆژێك دوای‌ هێرشە ئاسمانییەكانی توركیا لە چەند ناوچەیەكی ڕۆژئاوای كوردستان هات كە بەهۆیەوە 28 شەرڤان شەهید بوون، پاش ڕووداوەكەش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا نیگەرانی لەو ڕووداوە دەربڕی و ڕایگەیاند "هێرشەكە بەبێ ئاگاداری هاوپەیمانێتی نێودەڵەتی دژی داعش ئەنجام دراوە".



PM:01:35:29/04/2017