مام جەلال: دڵداریم كردوە هێرۆش دەزانێت

جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان باس لە كاتی گەنجی دەكات دەڵێن "سێ جار دڵداریم كردوە و سەركەوتوو نەبووم".

جەلال تاڵەبانی لە دووتوێی كتێبێكدا كە بریتیە لە بیرەوەری ژیانی خۆی باس لەوە دەكات كە دڵداری كردووە و نامەی بۆ كچ نووسیوە و دەڵێت "هەموو ئەو شتانەشم بۆ هێرۆ گێڕاوەتەوە، من لە ژیانمدا دوو سێ جار تووشی دڵداری بووم، بەڵام لە هیچیاندا سەركەوتنم بە دەست نەهێناوە".

لەدرێژەی ئەو باسەدا دەڵێت "یەكێك لەو كچانەی خۆشم دەویست كچێك بوو كە دڵداریشم لەگەڵ كردبوو نامەشم بۆ نووسیبوو، بەڵام دوایی بۆم دەركەوت كە حەزی لە كوڕێكی ترە، ئەو كوڕەش هات بۆ لام و پێی وتم یەكێكت خۆش دەوێت كە من خۆشم ویستووە و پەیوەندیمان هەبوە، تۆ هاتووی  لێمی داگیر بكەی، بەراستی ئەو قسەیە زۆر كاری تێكردم و وتم مادام ئێوە پەیوەندیتان هەبووەو وا تێدەگەی من داگیرم كردووە، ئەوا من وازم لێهێناو كشامەوە لەو مەسەلەیە".

سكرتێری گشتی یەكێتی لەبارەی ناوەكەیەوە دەڵێت "من هەر لە منداڵیەوە ناوم مام جەلالە، پێش ئەوەی لە دایك ببم باوكم مامێكی هەبوە ناوی مام جەلال بووەو شێخ جەلالیان پێوتووە، باوكم ئەو مامەمی لە خەودا بینیوە و سێوێكی داوەتێ، مەلای ئەو گوندەی كە منی لێ لە دایك بووم خەونەكەی لێكداوەتەوە و وتویەتی كوڕێكتان دەبێت، باوكیشم وتوویەتی ناوی دەنێم مام جەلال، بۆیە كە لەدایك بووم بەناوی مامەكەمەوە ناونرام مام جەلال".
مام جەلال ئەوەشی وتووە كە ناوەكەی هیچ پەیوەندی بە سیاسەت و نیشتمان پەروەرییەوە نییە و دەڵێت "لە منداڵییەوە تەنانەت باوكیشم پێی وتووم مام جەلال".

تاڵەبانی لە بەشێكی كتێبەكەدا كە ناوی "دیداری تەمەن"ە لە بارەی پێناسەی بۆ سەدام حسێن، دەڵێت "سەدام حسێن، لە كۆتاییدا وەك جەلادێكی دیكتاتۆری بێ وێنە هاتە كایەوە، باكی هیچ نەبوو، نە گەل نە باكی سەروەتی هەبوو نە باكی سەربەخۆیی هەبوو، تەنهاو تەنها باكی مانەوەی خۆی هەبوو، مەبەستی ئەوەبوو خۆی لەسەر حوكم بمێنێتەوە و كابرایەكی مرۆڤ كوژی بێ وێنەبوو لە مێژوودا، ئەوەی سەدام كردوویەتی بە گەلی عێراق پێم وایە هیتلەریش شتی وای نەكردووە لەگەڵ گەلی خۆی".

دیداری تەمەن كتێبێكە لە ماوەی 15 ساڵدا لەشێوەی چاوپێكەوتندا تۆماركراوە، ئەم چاوپێكەوتنانە لە لایەن سەڵاح ڕەشیدەوە تا ساڵی 2005 ئەنجامدراوە و تێیدا زۆر نهێنی گرنگ لەم كتێبەدا سەبارەت بە قۆناغە جیاوازە ژیانی تایبەتی مام جەلال و هەروەها سیاسییەكانی باشووری كوردستان و یەكێتی ئاشكرا كراوە.

سپی لە ئایندەیەكی نزیكدا كورتەیەك لە گرنگترین بەشی ئەو كتێبە دووبەرگییە بڵاودەكاتەوە كە ئێستا لە كتێبخانەكاندایە و نرخی 20 هەزار دینارە.




PM:03:35:01/05/2017