سەرۆکی حکومەت ١٠جار داوای بینینی پارێزگارەکەی گۆڕانی رەتکردۆتەوە

سەردار قادر لەبری پارێزگای پێشووی سلێمانی دەڵێت " دە جار داوای کۆبوونەوەی لەنێچیرڤان بارزانی کردووە، بەڵام ھیچ مەوعیدێکیان بۆ دانەناوە".
سەردار قادر لەبری پارێزگاری سلێمانی کە دوێنی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا دەست لەکارکێشانەوەی راگەیاند بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند "ناتوانم لەشوێنێکدا دەوام بکەم، کە دەسەڵاتم نەبێت و خزمەتی ھاووڵاتیان بکەم، بۆیە داوای دەستلەکارکێشانەوەم کردووە".

ئاماژەی بەوەشکردووە: "لەڕۆژی ٢٧ی ئەیلولی ساڵی رابردوو، کە خۆپیشاندانی مامۆستایان بووە لەسلێمانی، پاش دوو رۆژ بەنوێنەرایەتی خەڵکی خۆپیشاندەرو مامۆستایان، چووەتە ھەولێرو لەوکاتەوە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی نەبینوە".

سەردار قادر ئاشکرایکردووە،"دە جار داوای کۆبوونەوەی لەنێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم کردووە، بەڵام نەیبینوەو ھیچ مەوعیدێکیان بۆ دانەناوەو بانگھێشتی ھەولێر نەکراوە".

ناوبراو دەشڵێت "پێشتر لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا ھەموو پارێزگارەکان بەشدار دەبوون، بەڵام لەوەتەی ئەوان بوون بەپارێزگار، پارێزگارەکان بەشدارییان پێناکرێت".

سەردار قادر ئاشکراشی دەکات" تائێستا لیژنەی باڵای وەبەرھێنان کۆبوونەوەی نەکردووە، کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای داراییش لەکاتێکدا کراوە کە من لەسەفەرێکی کورت بووم، لەوکاتەدا کراوەم کە منی تێدا نەبووم".



PM:08:47:03/05/2017