یەکێتی و پارتی بەبێ گۆڕان بۆ مەسەلەی ریفراندۆم پەرلەمان کارا دەکەنەوە

بڕیارە فراكسیۆنەكانی یەكێتی ‌و پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە بێ ئامادەبوونی سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و بە سەرۆكایەتی بەتەمەنترین پەرلەمانتار كۆببنەوە‌و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بۆ ئەنجدامدانی ریفراندۆم رابسپێرن.

سپی میدیا لەسەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە زانیویەتی  کە پارتی و یەکێتی پێکھاتوون لەسەرئەوەی بابەتی ڕیفراندۆم لە پەرلەمانەوە بکەنە بڕیار و بۆ ئەم مەبەستەش پێکھاتوون لەسەر ئەوەی بۆ یەکجار فراکسیۆنی ھەردوولا کۆبونەوەیەک لە ناو  پەرلەمان بەبێ ئامادەبوونی سەرۆکایەتی پەرلەمان( سەرۆک و ھەردو جێگرەکەی) بکەن و بەتەمەنترین پەرلەمانتار لەناوەخۆیان دانیشتنەکە بەڕێوەببات وتیشی " دانیشتنەکە تەنێا بۆ ئەوەیە بڵێن بەڵێ بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان  ڕابسپێرن بۆ دەستبەکاربوون " .

سەرچاوەیەکی یاسایی کە نەیویست ناوەکەی بڵاو بکرێتەوە لەو بارەیەوە  بە سپی میدیای ڕاگەیاند کە ئەم دانیشتنە لە حاڵەتێک یاساییە کە سەرۆکی پەرلەمان بەھۆی بابەتێکی لا ئیرادی نەتوانێت ئامادە ببێت، وتیشی" بەڵام لە ئەگەر دکتۆر یوسف بڵێت ئامادە دەبم و پارتیش ڕێگەی نەدات، کەواتە کۆبوونەوەکە شەرعیەتی نامێنێت".

 وتیشی "کێشەکە ئەوەیە ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان پێداگیری لەسەر ئامادە بوونی بکات واتە پەرلەمان کارا کرایەوە و  قسەی بارزانی شکێندرا، پارتیش ئامادە نییە ئەو کارە بکات".

ئەو سەرچاوەیە، دانیشتنە چاوەڕوانکراوەکەی پەرلەمانی  بە کارێکی خراپ وەسف کرد و ئاماژەی بە زەرورەتی دەرکردنی یاسایەک بۆ ڕیفراندۆم کرد و وتیشی "بەپێی یاسا ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان بەھۆی بابەتێک لە دەرەوەی ئیرادەی خۆی ، بۆ نمونە لە سەفەر بێت یان نەخۆش بێت ئەو کاتە پەرلەمان بۆی ھەیە کۆببێتەوە، بەڵام لە ئێستادا سەرۆکی پەرلەمان لە کوردستانە و لە ڕووی تەندروستیشەوە کێشەی نییە بۆیە جگە لە ڕێگرییەکانی پارتی ھیچ پاساوێکی تر بۆ نائامادەبوونی نییە".



AM:10:45:09/05/2017