لەسەر جێبەجێنەکردنی بەشە بودجەی هەرێم داوایی یاسایی تۆمارکرا

سپی - بەغدا

چوار فراکسیۆنی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر جێبەجێنەکردنی بڕگە و مادەکانی بودجەی عێراق، داوایی یاساییان تۆمارکرد

لەسەر جێبەجێنەکردنی یاساکە، جگه له فراکسیۆنی پارتى، چوار فراكسیۆنه‌ كوردییەکەى دیكه یەکێتى و گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ لە دادگاى فیدڕاڵى تانه‌یان لە یاساى بودجه‌ى عێراق داوه، وه‌ك هه‌نگاویك بۆ فشار خستنه سه‌ر بەغدا کە تائێستا پشكى هه‌رێم و پێشمەرگەی نەناردووە.

بودجه‌ی‌ گشتی‌ عێراق بۆ ساڵی‌ 2017 بڕه‌كه‌ی‌ (95 ملیار) دۆلاره‌و بڕی‌ (20 ملیار) دۆلار كۆرتهێنانی‌ هه‌یه‌، نرخی‌ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت وه‌ك سه‌رچاوه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ داهات له‌ عێراق به‌ (42) دۆلار خه‌مڵێندراوه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌ پرۆژه‌ یاساكه‌دا دیاریكراوه‌، هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی‌ پشكی‌ 17%ی‌ خۆی‌ له‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ 2017ی‌ عێراق وه‌رگرێت، ده‌بێت رۆژانه‌ بڕی‌ (550 هه‌زار) به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی‌ سۆمۆ بکات.

کاوە محەمەد سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان ڕایگەیاند ئەوان لەسەر پشکی هەرێم هه‌وڵى یاسایى خۆیان ده‌ده‌ن و چاوه‌ڕێن هه‌رێمى كوردستانیش هه‌وڵى سیاسى خۆى بدات.
بەپێی تانه‌ی ئەو چوار فراکسیۆنە کوردیە، ده‌بێت لایه‌نى به‌رپرس لە جێبه‌جێنه‌كردنى ماددە و بڕگه‌كانى تایبه‌ت بەپشکی هه‌رێم لە یاساى بودجه‌ لێپێچینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵدا بكرێت.

دادگای‌ فیدراڵی‌ عێراق سكاڵای‌ چوار فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كه‌ی‌ وه‌رگرتوه‌‌و ژماره‌ی‌ له‌سه‌ر داناوه‌، بڕیاره‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و سكاڵایه‌ بكات و دواتر ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌ بڕیاری‌ كۆتایی خۆی‌ له‌باره‌ی‌ سكاڵاكه‌وه‌ ئاگاداربكاته‌وه
ڕۆژی حەوتی کانونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، پەرلەمانی عێراق پڕۆژە یاساى گشتی بودجەی ساڵی 2017ی عێراقی پەسەندکرد و پشکی 17%ی هەرێم و پێشمەرگە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی تێدا جێگیر کرا، بەڵام تائێستا حكومه‌تى عێراق و هه‌رێم یه‌كتر تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به پابه‌ندنه‌بوون به‌و ڕێكکه‌وتننامە نه‌وتییه‌ى نێوانیان.



PM:09:54:09/05/2017